کفری
ماڵەکەی مەجید پاشای بابان بەشێکی زۆری رووخاوە و نۆژەنکردنەوەی قورس بووە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
لە ساڵی 2022 وەزارەتی دارایی رەزامەندیدا بە نۆژەنکردنەوەی ماڵەکەی مەجید پاشای بابان لە قەزای کفری، بەڵام تا ئێستا کاری تێدا نەکراوە و لەماوەی ئەم سێ ساڵەش بەشێکی زۆری خانووەکە رووخاوە، بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان دەڵێت،”نۆژەنکردنەوەی قورستر بووە”.
ساڵح محەمەد، بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان بە 964ـی وت، “وەزارەتی دارایی بەشێوەی تەمویل رەزامەندیدا بە نۆژەنکردنەوەی خانووەکە، ئەمەش بۆ شوێنەوار نابێت و پێویستە بەشێوەی راستەوخۆ جێبەجێبکرێت، ئێمەش داوامانکرد دەستکاری نوسراوەکە بکرێت، بۆمان بکەن بەشێوەی راستەوخۆ بەڵام تا ئێستا بێ وەڵامە”.
“ئەوکات نزیکەی 200 ملیۆن دیناری بۆتەرخانکرا، بەڵام ئێستا نزیکەی 70%ـی خانووەکە رووخاوە، جگە لەوەی نۆژەنکردنەوەکەی قورستر دەبێت، چونکە بەھا شوێنەواری و کەلەپوریەکەی لەدەست دەدات، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا پێویستی بە نزیکەی 300 ملیۆن دینارە”،ساڵەح محەمەد وای وت.
لە یاسای شوێنەوار دوو جۆر نۆژەنکردنەوە ھەیە، جۆرێکیان ئەوەیە کە خاوەنەکەی توانای ھەبێت، خۆیان نۆژەنی دەکەنەوە لەژێر چاودێری بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار، جۆرەکەی دیکەشیان ئەوەیە خاوەنەکەی بیدات بە شوێنەوار نۆژەنی بکاتەوە و بۆ حکومەت بڕوات خانووەکە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو خانووە ھی بنەماڵەیەکی بەناوبانگە و وەرەسەی نزیکەی 70 کەسە، ئەوانیش تا ئێستا رەزامەندیان نەداوە کە خانووەکە بدەن بە شوێنەوار و نۆژەنی بکەینەوە، خۆیان توانای نۆژەنکردنەوەیان ھەیە دەیانەوێت حکومەت نۆژەنی بکاتەوە، لەوکاتەش حکومەت خۆی مامەڵەی پێوەدەکات و ئەوان بە خاوەندارێتی نامێنن.
کۆشکی مەجید پاشای بابان دەکەوێتە رۆژئاوای شاری کفریەوە، لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە لەسەر رووبەری 1000 مەتر زەوی دروستکراوە، کۆشکەکە دوو نھۆمە و نزیکەی 20 ژوری قەبارە جیاواز و دیوەخانی تێدابووە و ھونەری بیناسازی لە دروستکردنیدا بەکارھاتووە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی