سێ رۆژ بەردەوام دەبێت

یەكەم رۆژی فێستیڤاڵی شانۆی شەقامی كەركوك بەڕێوەچوو

964+
کاروان ساڵحی کەرکوک

بە بەشداریی هونەرمەندانی  15 وڵات و بە ئامادەبوونی چەندین هونەرمەندی ناودار لە سەر ئاستی کوردستان و عێراق و دەرەوەی وڵات، چالاکییەکانی نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی شەقام لە كەركوك دەستیپێکرد و تێیدا چەند هونەرمەندێکیش خەڵاتی زێرینیان پێشكەش كرا.

هەوار فارس بەرپرسی راگەیاندنی فێستیڤاڵەکە بە 964ـی وت، 20 نمایشی شانۆیی پێشكەش دەكرێن، لەگەڵ کۆمەڵێک چالاکی دیکە، هەروەها ئەمڕۆ پێنج هونەرمەندی بواری شانۆ و سینەمای جیهانی خەڵاتی زێرینیان پێشكەش كرا، کە پێکدێن لە ئەکتەری بەناوبانگی ئیرانی جەعفەر دەهقان، نیگار حەسیب قەرەداغی، شوان عەتوف، ئەكتەری عێراقی ئەیاد رازی و فەرشید گەوێڵی.

وتیشی، گرووپی کیژانی سنە کۆنسێرتێکی گۆرانی و میوزیکیان پێشکەش كرد، فێستیڤاڵەکە سێ رۆژ دەخایەنێت و سبەی و دووسبەی نمایشەکان پێشەکش دەکرێن.

باسی ئەوەشی كرد، چەند کتێبێک بڵادەكرێنەوە لە بارەی هونەری شانۆی شەقام و توێژینەوەیەکیش لە سەر شانۆی شەقام پێشكەش دەكرێت و وۆركشۆپیش ئەنجام دەدرێت لەگەڵ چەند چالاكییەكی دیكەش.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

لە مەتاڕی هەولێر پێیان وتم تۆ هێرۆی ژاڵەی؟

لە مەتاڕی هەولێر پێیان وتم تۆ هێرۆی ژاڵەی؟