پۆستەری كاندیدەكان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا - فۆتۆ: ئەرشیفی 964
كۆمیسۆن بۆ كاندیدەكان
“ئەگەر لە هەڵبژاردنیش سەركەویت و سكاڵات لەسەر بێت دووردەخرێیتەوە”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دووپاتی کردەوە، هەر کاندیدێک دەرکەوێت کە سەرپێچی رێساکانی هەڵبژاردنی کردبێت و دۆسیەکەی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە لەژێر پێداچوونەوەدابێت، تەنانەت ئەگەر لە هەڵبژاردنیشدا سەربکەوێت، لە پۆستەکەی دووردەخرێتەوە و دەنگەکانی هەژمار ناكرێت.
عیماد جەمیل سەرۆکی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند: “هیچ ماوەیەکی دیاریکراو بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی دوورخستنەوەی كاندیدەكان نییە، تەنانەت دوای کۆتاییهاتنی پڕۆسەی دەنگدانیش پرۆسەكە بەردەوام دەبێت”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “پرۆسەکە بەپێی سکاڵا هەڵپەسێردراوەکان بەردەوامە، تا ناوی براوەکان دەخرێتە بەردەم دادگای فیدراڵی بۆ پەسەندکردن، تەنانەت ئەگەر کاندیدێک لە هەڵبژاردنیشدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام سكاڵای لەسەر بێت، ئەوا دووردەخرێتەوە و دەنگەکانی هەژمار ناكرێت، هەروەها ناخرێتە سەر ئەو لیستەی کە لەسەریشی کاندید بووە”.
بڕیاری رۆژی 11.11.2025 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، تا ئێستا كۆمیسۆن زیاتر لە 800 كاندیدی بەهۆكاری جۆراوجۆر دوورخستووەتەوە.