مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران-وێنە: ئیرنا
پزیشکیان:
بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی لە بەرنامەماندا نییە
964+
وریا فەتاح
مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، جەختی لە خواستی وڵاتەکەى کردەوە بۆ پشتیوانیکردنی تەواوی پەرەپێدانی پیشەسازیی ئەتۆمیی ئاشتیخوازانەی وڵاتەکەی ، دەشڵێت: حکومەت بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی هەمەلایەنە بۆ بەهێزکردن و پتەوکردنی ئەم توانایانە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی “تسنیم”، پزشکیان سەردانی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێرانی کردووە و لە نزیکەوە ئاگاداری دوایین دەستکەوتەکانی زانایان بووە لە بوارەکانی تەندروستی، چارەسەر و بەرهەمهێنانی دەرمانی تیشکدەر، پاشان، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەڕێوەبەرە باڵاکانی ئەم پیشەسازییەدا ئەنجامداوە.
“بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی لە بەرنامەماندا نییە”
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکەی “چەندین جار رایگەیاندووە کە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی لە چوارچێوەی بەرنامەکانیدا نییە، ئەوانیش باش دەزانن، بەڵام ئەم “درۆیانە” دەکەنە بیانوو بۆ رێگریکردن لە پێشکەوتنی وڵات”.
سەرۆککۆماری ئێران تیشکی خستە سەر بەکارهێنانە بەرفراوانەکانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی لە بوارەکانی تەندروستی، پیشەسازی، کشتوکاڵ و ژینگەدا و جەختی کردەوە کە هەموو ئەو دەستکەوتانەی بینیویەتی، ئامانجیان باشترکردنی تەندروستیی هاووڵاتیان و خزمەتکردنی کۆمەڵگایە.
نیگەرانیی خۆیشى دەربڕی لەوەی کە پڕوپاگەندەی ئاراستەکراو دژی چالاکییە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکان وایکردووە کە رای گشتی زاراوەی “ئەتۆمی” بە پیشەسازیی بۆمبی ئەتۆمی ببەستێتەوە.
جەختیشى کردەوە لە پەرەپێدانی پیشەسازیی ئەتۆمی ئاشتیخوازانە.