لەلایەن لیژنەکانەوە

لە فێستیڤاڵی هەناردا زیاتر لە 600 کیلۆگرام خۆراکی نەشیاو دەستی بەسەردا گیرا

964+

وریا فەتاح

قائیمقامییەتی قەزای مەڵبەندی هەڵەبجە ئاماری کۆتایی چالاکییەکانی لیژنە هاوبەشەکانی لە ماوەی سێ رۆژی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی هەناردا بڵاوکردەوە، کە تێیدا بڕێکی زۆر خۆراکی نەشیاو دەستی بەسەردا گیراوە و چەندین خاوەنکار سزادراون.

بەپێی راگەیەندراوێکی قائیمقامییەت، بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەکانەوە، 20 خاوەنکار سزای داراییان بۆ کراوە.

هەروەها لە کۆی گشتیی چالاکییەکاندا، دەست بەسەر 637 کیلۆگرام خۆراک و کەرەستەی نەشیاودا گیراوە، کە بەم شێوەیە دابەش بوون:

300 کگم گۆشتی بێ مۆر کە شیاوی خواردن نەبوو.
95 کگم کەرەی ئێرانیی نەشیاو.
90 کگم گۆشتی مریشکی نەشیاو.
40 کگم سەوزە و پیازی نەشیاو.
20 کگم چەرەسات و جۆرەها خواردنی وشکی نەشیاو.
20 کگم کەرەستەی چێشتخانەی نەشیاو.
6 کگم لیمۆندۆزی.