سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆكی چین
دۆناڵد ترەمپ:
“رێككەوتنی ئەمریكا و چین ماوەدرێژ و نایاب دەبێت”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ ئەمڕۆ هەینی دووپاتیکردەوە، کە رێککەوتنە پلان بۆ داڕێژراوەکەیان لەگەڵ چین نایاب و درێژخایەن دەبێت.
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆریای باشوور وتووێژی لەگەڵ هاوتا چینییەکەی شی جینپینگ ئەنجامدا، كە 100 خولەکی خایاند.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا ترەمپ رایگەیاند “ئەگەری رێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ چین هەیە”.
لای خۆیەوە سەرۆکی چین روونی کردەوە، گەشەسەندنی چین لەگەڵ دیدگای ترەمپدا ناکۆک نییە کە “ئەمریکا دووبارە گەورە بکەنەوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە هەردوو وڵات هەمیشە لەسەر هەموو شتێک رێکناکەون، بەڵام پێویستە هەوڵبدەن بۆ پاراستنی پەیوەندییەک لەسەر بنەمای هاوبەشی و دۆستایەتی”.
شی جینپینگ لە سەرەتای دانوستانەکاندا ئاماژەی بەوەش کرد، “چین و ئەمریکا دەتوانن بە هاوبەشی بەرپرسیاریەتیی خۆیان وەک دوو وڵاتی گەورە هەڵبگرن و پێکەوە کاربکەن بۆ بەدەستهێنانی کاری گەورەتر و بەرجەستەتر بۆ بەرژەوەندی هەردوو وڵات و جیهان بە گشتی”.