10 هەزار سەربازی دەستیان لەسەر تفەنگە
ئەمریکا بە نیازی شەڕێکی گەورەیە
964+
ژووری هەواڵ
10 هەزار سەرباز کە لەنێوانیاندا 4500 مارێنز هەیە دەستیان لەسەر پەلەپیتکەی تفەنگەکانیانەو چاوەڕێن لە واشنتنەوە فەرمانیان پێ بگات و یەکەم تەقەی شەڕێکی گەورە لە خوارووی ئەمەریکا دەست پێبکات.
ئەو هێزە زەبەلاحەی ئەمەریکا لە دەورووبەری ڤەنزوێلا کۆیکردووەتەوە هیچ قسەیەک هەڵناگرێت جگە لەوەی هێرشی سەر ئەو وڵاتە زۆر نزیکەو لە ئان و ساتدایە، شەڕ لە کاریبییە، بەڵام بۆنی دوکەڵەکەی دەگاتە هەموو جیهان.
ئەوەی وەک جەنگی دژی ماددە هۆشبەرەکان لە کەنارەکانی ڤەنزوێلا دەستی پێکردووە بە گەورەترین بڵاوبوونەوەی سەربازی ئەمەریکا لە کاریبی ئەژماردەکرێت.
واشنتن بنکەی دەریایی رۆزڤێڵت رۆدزی لە پۆرتۆریکۆ زیندوو کردەوە و بنکەی سەربازی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تەنانەت ژێردەریایەکی ئەتۆمی رەوانەی ئاوەکانی کاریبی کردووە. ئۆپەراسیۆنەکە وەک هەڵمەتێک لە دژی “تیرۆریستانی ماددەی هۆشبەر” داڕێژرا، بەڵام جوگرافیا و قەبارەی ئازارەکانی لە دڵی کاراکاس دەدات و مانەوەی رژێمەکەی نیکۆلاس مادورۆ جێلەق کردووە.
ئێستا پاداشتی دەستگیرکردنی مادۆی سەرۆکی ڤەنزوێلا گەیشتووەتە 50 ملیۆن دۆلار، ئەمەش دوو ئەوەندەی ئەو بڕەیە کە کاتی خۆی ئەمەریکا بۆ سەری بنلادن داینابووە.
زەریای هێمن رێگای سەرەکی ماددە هۆشبەرەکانە بۆ بازاڕەکانی ئەمەریکا، پاش توونکردنەوەی رێگا وشکانییەکان لە کەناڵی پەناماوە بۆ کۆستەریکا و پاشان بۆ ناو خاکی ئەمریکا. هێرشەکانی ناو دەریایی کاریبی بۆ سەر بەلەمەکانی ڤەنزوێلا گۆرانکارییەکی نوێیان بەسەردا هات، ئێستا ئەمەریکا بەلەم و بەلەمەوانەکان دەستگیرناکات، بەڵکو هەر لە دوورەوە بە موشەک دەیانتەقێنێتەوە.
ڤەنزوێلا وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە نەوت، بەڵام بەهۆی گەندەڵییەوە ملیۆنەها کەس لەو وڵاتە برسی بوون و بۆ کۆڵۆمبیاو پەنەما هەڵهاتوون.
هەرچەندە ئەوەی ترەمپ دەیکات جێبەجێکرنی بەڵێنی کەمپەینی هەڵبژاردنەکەیەتی کە تیایدا رایگەیاند جەنگ دژی مادەی هۆشبەر هەڵدەگیرسێنێت، بەڵام ئەو هێزەی لە دەوری ڤەنزوێلا کۆکراوەتەوە هیچ پێ ناچێت تەنیا بۆ مادەی هۆشبەر بێت، بەڵکو نیەتی ترەمپ گۆڕینی رژێمەکەی مادۆیە.
ترەمپ دەیەوێت بەم هەڵمەتەی بە بەردێک سێ چۆلەکە بپێکێت، هەم زەبرێکی گەورە لە بازرگانی مادەی هۆشبەر دەدات، هەم وڵاتێکی دەوڵەمەند بەنەوتی دەستگیرۆ دەبێت، هەم شوێنی خۆی لە کاریبی قایمتر دەکات، ئەو جێیەی دەمێ ساڵە پێی دەڵێن حەوشەی پشتەوەی ئەمەریکا.
ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا لە کەنارەکانی ڤەنزوێلا گەڕانەوەیە بۆ کۆنترین بیرۆکەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە: کە پێی وایە ئەمەریکای لاتین هێشتا موڵکی ئەمەریکایە، ئەم هەنگاوە بۆنی گۆرینی رژێمی لێوە دێت، هەرچەندە ئەمە پێچەوانەی سیاسەتی ترەمپە کە هەمیشە دژی گۆرینی رژێم بووە.