لە ماوی مانگێکدا بوونەتە هۆکاری 14 رووداو

دەستکرا بەدروستکردنی هێڵکاری و بۆیەکردنی تاسە گەورەکانی خورماتوو

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

زۆری رووداوەکانی هاتوچۆ ئیدارەی قەزای خورماتووی ناچار کرد بەدروستکردنی هێڵکاری و بۆیەکردنی سەرجەم تاسەگەورەکانی ناو سەنتەری قەزاکە لەسەر رێگای گشتی کەرکوک بەغدا.

زولفەقار حەیدەر، قایممقامی خورماتوو بە 964ـی وت، بەمەبەستی رێگریکردن لە رووداوەکانی هاتوچۆ، هەستاوین بەدروستکرنی هێڵکاری و بۆیەکردنی تاسە گەورەکانی سەر رێگای گشتی کەرکوک – بەغدا لەناو سەنتەری قەزاکەدا، چونکە ماوەیەکی زۆرە بەهۆی نەبوونی هیچ هێما و هێڵکاریەک، بەردەوام رووداوی هاتوچۆ لەسەر رێگاکە روودەدات، بەدانانی ئەو هێڵکاری و هێمایانە تاڕادەیەک رووداوەکانی هاتوچۆ کەم دەکاتەوە.

قایممقامی خورماتوو، رووداوەکانی هاتوچۆی ناو سەنتەری قەزاکە بۆ کەمتەرخەمی شارەوانی قەزاکە گەڕاندەوە، بەو پێیەی لەکاتی دروستکردنی ئەوتاسانەدا هیچ هێما و هێڵکاریەکی بۆ نەکراوە، ئەمەش وایکردبوو ئەو شۆفێرانەی شارەزاییان نییە، بەتایبەت لەشەواندا بەتیژڕەویەوە لەو تاسانە دەدەن و رووداوی هاتوچۆی لێدەکەوێتەوە.

ئیحسان عەباس، وتەبێژی هاتوچۆی خورماتوو بە 964ـی وت، لەماوەی مانگێکدا ئەو تاسانە بوونەتە هۆی روودانی 14رووداوی هاتوچۆ کە تێیدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و 23 کەسی دیکەش برینداربوون.

وتیشی، چەندین جار داوامان کردووە بەدابین کردنی کەرستەی رێنماییەکانی هاتوچۆ، بەڵام داواکەمان جێبەجێ ناکرێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی