"ژێرخانی شەقامەکە تەنیا خۆڵە"
نۆژەنکردنەوەی شەقامی 100 مەتری کاتی زیاتری پێویستە
964+
دەشتی عارف ـ هەولێر
لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەستکراوە بە نۆژەنکردنەوەی شەقامی 100 مەتریی هەولێر و بەپێی قسەی ئەندازیارەکان بێت، شەقامەکە کاری زیاتری دەوێت و نۆژەنکردنەوەکە لە کاتی خۆیدا تەواو نابێت.
ناچارین هەموو قیرەکە لابدەین و تێکەڵە دابنێین
بەلێن زانا، ئەندازیار لە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی شەقامی 100 مەتری، بە 964ـی وت، “بەشی یەکەمی شەقامەکە 900 مەترە و لە فلکەی بازەوە دەست پێدەکات تاوەکو یوتێرنی بەردەم زانکۆی جیهان، بەهۆی زۆریی هاتوچۆ و ماندووبوونی شەقامەکەوە کاری زیاتری دەوێت، چونکە دەرکەوت بەشێکی ژێرخانی شەقامەکە تەنیا خۆڵە، بۆیە ناچارین هەموو قیرەکە لابدەین و تێکەڵە دابنێین، ئینجا قیر بکرێتەوە، ئەم کارانە لە تەندەرەکەدا نەبوون، بۆیە کاتێکی زیاتری پێویستە لەوەی بۆی دانرابوو.”
رۆژانە لە کاتژمێر 6ـی بەیانی تاوەکو 4ـی ئێوارە کار لە شەقامەکە دەکرێت، ئەگەر بەم شێوازە بەردەوام بین، 15 رۆژی تر کارەکانی ئەم بەشە تەواو دەبێت و دەچینە سەر بەشەکەی تری شەقامەکە، خۆ ئەگەر رووناکیمان بۆ دابین بکرێت، دەتوانین بە شەوانیش کار بکەین، بەڵێن زانا وادەڵێت.
لە رۆژی چوارشەممە 8.10.2025، بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە شەقامەکە داخراوە و درێژیی هەر لایەک لەو شەقامە چوار کیلۆمەترە و وادەی چوار مانگ بۆ تەواوکردنی دانرابوو، بەڵام بەهۆی ئەو لۆدە زۆرەی کە پێشتر لەسەر شەقامەکە هەبووە، نۆژەنکردنەوەکە کاتێکی زیاتری دەوێت.
پێداچوونەوە: باری ساڵح