رزگار ئەحمەد ئەو پۆلیسەی ساڵی رابردوو لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکدا کوژرا – وێنە؛ پۆلیسی سلێمانی
سەرەتای ساڵی رابردوو کوژرا
سزای لەسێدارەدان بۆ بكوژانی پۆلیسەکەی سلێمانی دەركرا
964+
شۆڕش قادری
سزای لەسێدارەدان بۆ بكوژانی ئەو پۆلیسەی سلێمانی دەرکرا کە سەرەتای ساڵی رابردوو لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک کوژرا.
بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، “پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 27.10.2025 لەلایەن دادگای تاوانەكانی 3ـی سلێمانییەوە سزای لەسێدارەدان بۆ بكوژانی رزگار ئەحمەد حەسەن، كارمەندی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەركراوە”.
“شەوی 21.1.2024 مەفرەزەیەكی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی دەرچوون بەمەبەستی دەستگیركردنی تاوانبارێك بەناوی (ر،ح، ق) كە لەلایەن دادگاوە فەرمانی دەستگیركردنی هەبوو، دوای رووبەڕووبوونەوەیەكی قورس تاوانباری ناوبراو دەستگیركرا و لەلایەن تاوانبارێكی تر بەناوی (ژ، س، ح) تەقە لەمەفرەزەكەی پۆلیس كرا و بووەهۆی شەهیدبوونی كارمەندمان (رزگار ئەحمەد حەسەن) و برینداربوونی ئەفسەرێكی بەشی پۆلیسی نەهێشنی تاوانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان”، پۆلیسی سلێمانی وادەڵێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، دواتر تاوانبار ( ژ، س، ح) هەڵاتووە و دوای ماوەیەكی كەم توانراوە دەستگیر بكرێت، ئەمڕۆ دادگای تاوانەكانی 3ـی سلێمانی سزای لەسێدارەدانی بۆ هەردوو تاوانبار (ژ،س،ح و ر،ح، ق) دەركردووە.
رزگار ئەحمەد ساڵی 1980 لەگوندی بنەكەی سەربە ناحیەی قادركەرەم لە ناوچەی زەنگەنە لە گەرمیان لەدایكبووە.