"لە نزیک دەریاچەی دوکان باڵندەی کێوی کوشتووە"
رشتنی ماددە رەشەکە لە ناوچە جیاجیاکان بووەتە دیاردە و رۆژانە دووبارە دەبێتەوە
964+
شۆڕش قادری
رشتنی ماددە رەشەکە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بووەتە دیاردە و رۆژانە چەند جارێک ئەو بابەتە دووبارە دەبێتەوە، ئەوەتا لە نزیک گوندی تۆربەی سەربە ناحیەی خدران لە قەزای دوکان رژێنراوە و باڵندەی کێویشی کوشتووە.
دوای خەلەکان رێکخراوی پارێزەرانی ئاو رۆیشتوونەتە نزیک گوندی خدران و ڤیدیۆیەکی شوێنەکەیان تۆمار کردووە، ئەوان دەڵێن، “لە سنووری گوندی تۆربە لە ناحیەی خدران تاوانێکی دیکەی ژینگەیی ئەنجامدراوە و لەناو لەوەڕگایەک پاشماوەی سووتەمەنی رژێندراوە و بەهۆیەشەوە مەڕ و ماڵات نابینرێت و هاوڵاتیان ناوێرێن ئاژەڵەکانیان ببەنە ئەو شوێنە”.
ئاماژە بەوەش دەکەن، پاشماوەکە چەند باڵندەیەکی کێوی کوشتووە و خزاوەتە بنی داربەڕووەکان و لە چەند رۆژی داهاتوودا وشکیان دەکات.
بەقسەی ئەو کەسانە، هەڵگرتنەوەی پاشماوەکە لەو شوێنە ئەستەمە، چونکە لێژایی زۆرە و لە دەریاچەی دوکانیشەوە نزیکە، بۆیە لەگەڵ دەستپێکردنی بارانبارین دەڕژێتە ناو دەریاچەکەوە.
هەفتەى رابردوو ڤیدیۆى رژانى ماددەیەکى رەش لە ناوچهى گۆمەجولەکەى نزیک گوندی قامیشە بڵاوكرایهوه، ئهوەش دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە و دەوترا مهترسی بۆ سهر دەریاچەی دوکان و ئاوى خواردنهوهى دوو ملیۆن كهس له سنورى سلێمانى دروستكردووه، ئاماژە بەوەشکرا کە بۆنی تێزابی لێدێت.
هەر زوو تیمەکانی شارەوانی خەلەکان وەخۆکەوتن و دەستیانکرد بە خۆڵ بەسەرداکردنی ماددەکە، بەڵام دوای دوو رۆژ کارەکەیان راگرت، نموونەی ئەو پاشماوەیە براوەتە سلێمانی و فەرمانگەی ژینگە پشکنینی بۆ دەکات و لە یەک دوو رۆژی داهاتوودا، ئەنجامی پشکنینەکە رادەگەیەنن.
دواى ئهوهش له شارهزوور و عەربەت و هەڵەبجە و چەمچەماڵ و چەند شوێنێکی دیکەش هەمان بابەت دووبارە بووەتەوە، ئەوەش چالاکان و رێکخراوەکانی ژینگەیی نیگەران کردووە.