"ئامادەم خانووەکەم بفرۆشم"
با دەستڕۆیشتووەکان خەمسارد نەبن بەرامبەر ئەو قەیرانەی رووی لە نەورۆز کردووە
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
هەڵمەتەکان بۆ دەستگرتن و هەستانەوەی یانەی نەورۆز بەردەوامە و هونەرمەندێکیش دەڵێ، تاکە ماڵێکم هەیە ئامادەم بۆی بفرۆشم.
نەوزاد ئەحمەدی هونەرمەند بە 964ـی وت، “موشکیلەکانی نەورۆز بەڕاستی بێتاقەتی کردووین، ئەو یانەیە هەردوو چاوی منە، بۆیە هەڵمەتێکمان بۆ هاوکاریکردنی راگەیاندووە و کۆمەڵێکیش لە هونەرمەندان و کەسایەتییەکان هاتوونەتە سەرخەت و دەیانەوێ بە کڕینی بیتاقەکان و هاندانی خەڵک ئیستفادەیەک بە یانەکە بگەیەنن”.
وتیشی، “بە هەزار تەقەلا و دەردەسەری توانیومە خانوویەک بکڕم، سوێند بەخوا ئامادەم بیفرۆشم، بەس بۆ ئەوەی ئەو یانەیە وەک خۆی ئەوەی بمێنێتەوە”.
نەوزاد ئەحمەد داوایشی لە سەرمایەدار و دەستڕۆیشتووەکانی کوردستان کرد، پشتیوانی و هاوکاری نەورۆز بکەن و خەمسارد نەبن بەرامبەر ئەو قەیرانەی رووی لە یانەکە کردووە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری