ناوچەى کوێریان بۆ شۆفێران دروستکردبوو
بە پۆستەرەکانیان؛ لە گەرمیان کاندیدەکان 26 پێشێلکاریان کردووە
964+
میلاد جەلال_گەرمیان
لەماوەی 22 رۆژی بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ھاتوچۆی گەرمیان 26 پێشێلکاری کاندیدەکانی تۆمارکردووە و پۆستەرەکانیان لێکردونەتەوە.
سامان عەلی، وتەبێژی ھاتوچۆی گەرمیان بە 964ـى وت،”لە سێیەم رۆژی بانگەشەی ھەڵبژاردن ھەڵمەتێکمان دەستپێکرد 6 پێشێلکاریمان تۆمارکرد، بەڵام تا ئێستا کە 22 هەمین رۆژی بانگەشەیە، ژمارەی پێشێلکاریەکان بەرزبۆتەوە بۆ 26 پێشێلکاری”.
“ئەوانەی کە پێشێلکاریان کردبوو پۆستەرەکانیان لێکراونەتەوە، لەو جێگایانە دانرابوون کە ناوچەی کوێریان بۆ شۆفێران دروست دەکرد”،سامان عەلی وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کاندیانەی کە پێشێلکاریان کردوە ئاگادارکراونەتەوە بچن پۆستەرەکانیان ببەنەوە و بەڵێننامەیەک پڕبکەنەوە کە دوبارەی نەکەنەوە، بەڵام کەسیان سەردانى هاتوچۆیان نەکردووە و لە پۆستەرەکانیان نەپرسیوەتەوە.
سامان عەلی وتیشی،”ئەگەر ھەر کاندیدێک دوبارە پێشێلکاری بکاتەوە، سکاڵاى لەسەر تۆماردەکەین لە دادگا”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح