لە چوارقوڕنە
شەش سەرۆک شارەوانی لە 16 ساڵدا نەیانتوانیوە پارکێک دروست بکەن
964+
ژووری هەواڵ
ناحیەی چوارقوڕنە بە یەکێک لە ناحیە پەراوێزخراوەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین دادەنرێت چونکە کەمترین پڕۆژەی خزمەتگوزاری تیایدا جێبەجێ دەکرێت و هاوڵاتیانی ناحیەکەش دەڵێن، “هیوامان بە گوفتارەکان نەماوە و کردارمان دەوێت”.
لەو 16 ساڵەدا و لە ماوەی بەرپرسیارێتی شەش سەرۆک شارەوانی جیاوازدا نەتوانراوە پارکی دەروازەی ناحیەی چوارقوڕنە تەواو بکرێت و تا ئێستاش تەنها 40%ـی پارکەکە سەوز کراوە بەڵام نە کورسی، نە ڕێڕەو و نە شاری یاری لەناودا نییە.
سەبارەت بە ئومێدی تەواوکردنی پارکەکە رێزان محەمەد چالاکوانی بواری ژینگەی لە ناحیەکە بە 964ـی راگەیاند، “دەگوترێت سەرۆک شارەوانی حەوتەم کە تازەیە ئومێدی هەیە پارکەکە تەواو بکات بەڵام بە راستی هیوامان بە گوفتارەکان نەماوە و کردارمان دەوێت؛ ژینگەی شارەکەمان پیسە و بەهۆی زۆری کارگەکان و نەبوونی سەوزایی و پارک کارەساتێکی گەورە هەیە لە ناحیەکە و دەبێت درکی پێ بکرێت”.
هەروەها محەمەد عەلی هاوڵاتیەکی تری ناحیەکەیە و دەردی دڵی خۆی بۆ 964 بەم شێوەیە کرد، “زیاتر لە 10ساڵە هەوڵ دەدەم خۆم لە شوێنە جیاوازەکان دار بچێنم بەڵام دواتر شارەوانی ئاوی نادات و وشک دەبن، ئەوە باسی کەمتەرخەمی لایەنی ئیداری ناکەم کە تا ئێستا پارکێک لە ناحیەکە نییە و گەنجەکانمان دەبێت بۆ سەردانی پارک و جەو گۆڕین بچنە قەزای رانیە”.
ئاودێر محەمەد کە سەرۆکی شارەوانی چوارقوڕنەیە و تازە چەند رۆژێکە دەستی بە کار کردووە لە بارەی تەواونەکردنی ئەم پارکە تەمەن 16 ساڵە بە 964ـی وت،”بە بەهای 600 ملیۆن دوو تەندەر ئامادەیە و راماننەگەیاندوە؛ لە داهاتوێكی نزیکدا ئەمانە دەکرێن لێدانی بیرێکی ئاو، دروستکردنی رێڕەو، دابینکردنی کورسی، سیاجی دەوروەبەری پارکەکە وە هەوڵ دەدەین لە رێگەی وەبەرهێنەرەکانیشەوە شاری یاری لەناودا دروست بکەین و دواتر کرێیان لێوەربگرین، بە ئەگەرێکی زۆرەوە بۆ بەهاری ساڵی داهاتوو تەواو دەبێت”.
پارکە تەواونەکراوەکە رووبەرەکەی 52 دۆنمە و دەکەوێتە دەروازەی ناحیەکە و ئەگەر تەواو بکرێت، دەبێتە تاقانە پارکەکەی چوارقوڕنە و ئیتر دانیشتوانی ناحیەکە بۆ سەردانیکردنی پارک ناچنە قەزا و ناحیەکانی دەورووبەر.