بەهۆی کەمی قوتابییەوە داخراوە

دانیشتووانی گوندی وەڵزێ داوای قوتابخانەی ناوەندی و دواناوەندی دەکەن

964+

ئاکام غەفور – سۆران

بەشێک لە کەسوکاری قوتابیانی گوندی وەڵزێ گردبوونەوە، بەهۆی ئەوەی قوتابخانەی ناوەندی و دوا ناوەندی لە گوندەکەیان داخراوە و بێ ئاگادار کردنەوە قوتابییەکان گوزراونەتەوە بۆ قوتابخانەکانی قەسرێ و داوا دەکەن دەوامی ناوەندی و دواناوەندی لە گوندەکەیان بکرێتەوە.

لە گوندەکە پێشتر تاکو پۆڵی 12ـە قوتابیان دەوامیان کردووە، بەڵام ئەمساڵ تەنیا قوتابیانی قۆناغی بنەڕەتی واتە تا پۆلی شەشی بنەڕەتی دەتوانن بڕۆنە قوتابخانە و بخوێنن، لە پۆلی حەوتی بنەڕەتییەوە بۆ 12ـی ئامادەیی دەبێت بچنە قەسرێ بۆ خوێندن، پەروەردەش دەڵێت، هۆکاری داخستنی ناوەندی و دواناوەندی کەمی قوتابییە.

ئیبڕاهیم رەحمان، خەڵکی گوندەکەیە و بۆ 964ـی وت، ”کچەکەم ئەمساڵ پۆڵی 11ـی ئامادەییە، بەهۆی داخرانی قوتابخانەی گوندەکە لە خوێندن بێ بەش دەبێت، تەنیایە بۆیە ناتوانم بینێرمە قەسرێ و رێگاکەش سەخت و مەترسیدارە”.

دلێر ئیبراهیم، دانیشتوویەکی دیکەی گوندەکەیە و دەڵێت، قوتابیان لە قەسرێ دەوام بکەن گرفتی زۆریان بۆ دروست دەبێت، بەهۆی ئەوەی ناوچەیەکی شاخاوییە، رێگاکە سەختە و لە زستانان بەستەڵەکە و ئۆتۆمبێل لێی دەرناچێت.

وەک ئەوەی باسی دەکات، هۆکاری داخستنی قوتابخانەکە، کەمی قوتابی و بچوکی بینای قوتابخانەکەیە، دەشڵێت،”ژمارەی قوتابیان لەوە زیاترە کە پەروەردە تۆماری کردووە”.

964  ئەو گرفتەی گەیاندە، ئاکارا الیشا کیۆ، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سۆران وتی، بەدواداچوونی زیاتر دەکەین بۆ هۆکاری داخستنی دەوامی ناوەندی و دواناوەندی لە گوندەکە، ئەوەی لە پەروەردەی چۆمان بە ئەوان گەیەندراوە ئەوەیە کە قوتابخانەکە تەنیا هەشت قوتابی لێیە ئەمە هۆکاری داخستنی دوو دەوامی قوتابخانەکەیە.

گوندی وەڵزێ دەکەوێتە ناحیەیی قەسرێ لە قەزای چۆمان، ئێستا 40 ماڵ لە گوندەکەدا نیشتەجێن.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

مامۆستایان و قوتابیانی سۆران فێری خۆڕزگارکردن لە روود...

مامۆستایان و قوتابیانی سۆران فێری خۆڕزگارکردن لە رووداوە نەخوازراوەکان دەکرێن