لە بەغدا چییان پێ وتوون؟
زانکۆ و پەیمانگەکانی بەغدا دەرچووانی خوێندنی کوردی وەرناگرن
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
ژمارەیەک لە دەرچووانی ئامادەیی خوێندنی کوردی لە کەرکوک، دەیانەوێت لە بەشی ئێوارانی زانکۆ و پەیمانگەکانی بەغدا بخوێنن، بەڵام لەوێ پێیان وتوون ئێوە خوێندنی کوردیتان خوێندووە و وەرتانناگرین.
سەفا ئیدریس نوێنەری دەرچووانی ئامادەیی لە کەرکوک ئەمڕۆ چوارشەممە 22.10.2025 بە 964ـی وت، کۆمەڵێک لە دەرچصوانی ئامادەیی خوێندنی کوردی لە کەرکوک دەیانەوێت بۆ بەشی ئێواران لە بەشی پزیشکی پەیمانگەی مەنسوڕ لە بەغدا وەربگیرێن، بۆ پێشەکەشکردن لەو پەیمانگەیە جیا لەوەی لە رێگای ئەلیکترۆنییەوە ناو تۆمار دەکرێت، دەبێت قوتابییەکە خۆی ئامادەبێت، دوای رۆیشتیان بۆ بەغدا پێیان وتراوە ئێوە بە کوردی خوێندووتانە بۆیە وەرناگیرێن.
وتیشی، هەروەها پێیان وتوون ئەگەر وەریشتان بگرین دەبێت وانەی کوردی لە ئەنجاماکان دەربهێنرێت، جارێکی دیکە کۆی گشتیی نمرەکان دابەشی سەر شەش وانە بکرێت، بەڵام بەوەش رازی نەبوون، ئەوەش بۆ ئەوەیە نمرەکانیان کەم بێتەوە و لە پێشبڕکێ وەرگرتندا هەلی کەمتریان هەبێت.
“داوا دەكەین ئەوانەی باڵادەستن لە بەغدا بێنە سەر هێڵ لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی پەروەردە قسە بکەن و چارەسەری بکەن، چونكە بابەتێکی هەستیارە و ئێستا چارەسەر نەکرێت دوو رۆژی دیکە بۆ دەرچووانی دیکەش دەبێت بە کێشە”، سەفا ئیدریس وا دەڵێت
لای خۆیەوە ئەلەند سامان، كە ئەویش دەرچوونی ئامادەییە، بە 964ـی وت، دوای چوار کاتژمێر لە چاوەڕوانی بۆ بڕیاری راگری زانکۆ، وەڵامیان نەداینەوە، ئێمەش رازی بووین بەوەی نمرەی وانەی کوردی هەڵبگیرێت، بەڵام ئەوان بەوەش رازیی نەبوون و وتیان ئێوە بە کوردی خوێندووتانە.
لە بارەی هۆکاری چوونیشیان بۆ بەغدا و پەیمانگەكانی ئەوێ، ئەلەن دەڵێت، زانکۆ و پەیمانگەکانی بەغدا بەشیان زۆرترە لە شارەکانی دیکە، تاکو بتوانین تێیدا بخوێنین.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا