محەمەد پاکپور فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران – وێنە؛ ئیرنا
کۆبوونەوەیەکی ئەمنی لە تاران کرا و باسی حزبەکانی رۆژهەڵات کرایەوە
سوپای پاسداران: هێرشمان بکرێتەسەر دۆزەخ دروست دەکەین
964+
شۆڕش قادری
فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، هێرشمان بکرێتەسەر دۆزەخێک دروست دەکەین ئەوسەری دیار نەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 21.10.2025 قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و شاندێکی یاوەری لەگەڵ محەمەد پاکپور فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لە تاران کۆبوونەوە.
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، فەرماندەی سوپای پاسداران بە ئاماژەپێدان بە شەڕی 12 رۆژەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل رایگەیاندووە، “دوژمن پێیوابوو هەر لە رۆژانی سەرەتایی هێرشەکان، توانای موشەکیمان کەم دەبێتەوە، بەڵام بەهێزەوە بەرپەرچی هێرشەکانمان دایەوە و ئەو ئامانجانەی دەمانویست لەناومان بردن”.
“ئامادەیی تەواوەتیمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە دەستدرێژییەک لە داهاتوودا هەیە و هێرشمان بکرێتەسەر، دۆزەخ بۆ دوژمن دروست دەکەین”، پاکپور وای وتووە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا جارێکی تر کۆنتڕۆڵکردنی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان هاتۆتەوە بەرباس و فەرماندەی سوپای پاسداران داوای کردووە، بە هاوکاری هاوبەش ئەو کارە بکەن.
قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لایەنی ئێرانی دڵنیاکردووەتەوە کە پابەندی رێککەوتنە ئەمنییەکان دەبن و بەهیچ جۆرێک رێگە نادەن لەناو خاکی عێراقەوە هێرش بکرێتەسەر ئێران.