پاییزی تەوێڵە لە هەورامان - وێنە: حکومەتی هەرێمی کوردستان
"ئەگەری تاوەباران و بروسکەش هەیە"
پاییز خۆی دەنوێنێ و باران بارین دەستپێدەکات
964+
شۆڕش قادری
ئەم دوو رۆژە کەشەکە تەواو پاییزی دەبێت، لە هەندێک لە ناوچەکانی کوردستان و بەتایبەتیش کوێستانەکان، بارانبارین دەستپێدەکات و تۆز و خۆڵێکی کەمیش دەبینرێت.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ دووشەممە 20.10.2025 ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکوور نیمچە هەور دەبێت، پلەی گەرماش دوو بۆ سێ پلە نزمتر دەبێتەوە.
بۆ سبەی سێشەممەش ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ ئەگەری بەرزبوونەوەی کەمێک تۆز و خۆڵ کە زیاتر ناوچەکانی باشووری هەرێم دەگرێتەوە، هەروەها لە کاتەکانی بەیانی زوو نمە باران لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای دهۆک دەستپێدەکات، پاشان کاریگەری درێژ دەبێتەوە بۆ زۆربەی ناوچەکانی تری هەرێم وەک ناوچە شاخاوییەکانی سنووری باڵەکایەتی و پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی.
نمە بارانی پچڕ پچڕ بەردەوام دەبێ کە هەندێک کات دەگۆڕێت بۆ تاوە باران و بروسکە و پێشبینیش دەکرێت ئەم ناجێگرییە کەش بەردەوامی هەبێ بۆ رۆژی چوارشەممە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی؛
هەولێر: 28 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 27 پلەی سیلیزی
دهۆک: 26 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 26 پلەی سیلیزی
ئامێدی: 21 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 26 پلەی سیلیزی
کەرکوک: 30 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 29 پلەی سیلیزی
سۆران: 24 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 17 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 32 پلەی سیلیزی