"ئۆتۆمبێلێک خۆی بە تانکەرێکی ئاودانی شۆستەکاندا کێشاوە"
لە رووداوێکی هاتوچۆدا لە کەرکوک دوو ژن گیانیان لەدەستدا
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
لە رووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر شەقامی پشتێنەی کەرکوک دوو ژن گیانیان لەدەستدا.
ئەحمەد عیزەدین شایەتحاڵ کە بەسەر رووداوەکەدا کەوتبوو، بە 964ـی وت، “کەمێک لەمەوبەر و لەسەر شەقامی پشتێنەی کەرکوک ئۆتۆمبێلێک لە جۆری هیۆندای ئەکسێنت خۆی کێشاوە بە تانکەرێکی شارەوانی کە خەریکی ئاودانی دار و درەختی نێوان شۆستەکان بووە”.
“شۆفێر و سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە ژن بوون و دانیشتووی گەڕەکی شۆراوی کەرکوک بوون، لە رووداوەکەدا هەردووکیان دەمودەست گیانیان لەدەستداوە”، ئەحمەد عیزەدین وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆتۆمبێلەکە خێرایی زۆر بووە و شۆفێرەکەی کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و ئەو رووداوەی لێکەوتووەتەوە، تەرمەکانیان بۆ توێکاری رەوانەی پزیشکی دادی کەرکوک کراوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری