چیرۆکی بەلاشاوەی هەولێر
بە بەلاش زەوییان وەرگرت و 60 ساڵ پێش ئێستا کردیان بە خانوو
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
یەکێک لە ناوە سەرنجراکێشەکانی گەڕەکیکی هەولێر بەلاشاوەیە ئەم ناوە چیرۆکی لە پشتەوەیە و 60 ساڵ لەمەوبەر خاڵکانێک لەو شوێنە کە ئێستا چەقی هەولێرە زەوی بەلاشیان وەرگرتووە و دەستیان کردووە بە خانوو دروستکردن.
گەڕەکەکە ئێستا ناوی مامۆستایانە و دەکەوێتە سەر شەقامی 60 مەتری لە ساڵی 1965 بە پێی قسەی پیاوە بەتەمەنکان و دنیادیدەکانی گەڕەکەکە خەڵکی قەراج و کەندێناوە هاتوونەتە ئەو شوێنەوە بە خشت خانوویان دروست کردووە.
بەهادین عەبدوڵا دنیا دیدەیەکی گەڕەکی بەلاشاوەیە بە 964ـی وت، لە هەشتی شوباتی ساڵی 1963 کودەتایەکی سەربازی لە بەغداد روویدا و دەسەڵاتی عەبدولکەریم قاسم کپکرا، بەهۆی رووداوەکەوە لەو ساڵەدا خەڵکی کەندێناوە و قەراج و زێدی خۆیان بەجێهێشت و هاتنە هەولێر، لە تەنیشت مزگەوتی (حاجی قەڕۆکی) و شووقەکانی ئیسکان لەوێدا هەر خێزانێک خانووی بۆخۆی درووستکرد و حکومەتیش ناڕازی نەبوو.
شێرزاد سەعید، بەهەمان شێوە دانیشتووی کۆنی گەڕەکی بەلاشاوایە بە 964ی وت، ساڵی حەفتاکان لەوێ خانوو درووست دەکرا، خەڵکی هەژار هەرکەسەو بە پێی توانای خۆی، بە ژن و پیاو و منداڵەوە خشتیان دەبڕی و ژوورێک و مەتبەخێک و حەمامێکیان بۆ خۆیان درووست کرد و تێیدا دەژیان.
وتیشی، پاش ساڵی 1976 و 1977 حکومەت ئەو خانووانەی تێکدا و قەرەبووی دانەوە لە بەلاشاوەی نوێ، ئیتر هەرکەسەو خانووی خۆی بە شێوازێکی نوێ درووست کرد.
پێداچوونەوە: توانا نەقی