"عیلمی هەژاندووە"
ژیری دەستکرد خۆی خزاندووەتە ناو بواری پزیشکییەوە و شێرپەنجە دیاری دەکات
964+
دەشتی عارف ـ هەولێر
ژیری دەستکرد ئێستا لە ئەپلیکەیشن و پرسیاری سادە دەرچووە و خۆی خزاندووەتە ناو زانستی پزیشکیشەوە، ئەوەتا ئێستا بە داخلکردنی داتاکانی نەخۆش، دەتوانێت پێشبینی بۆ نەخۆشی شێرپەنجە بکات و پلە و جۆری نەخۆشیەکەش دیاری دەکات.
د. کەژاڵ محەمەدی، پسپۆڕی ژیری دەستکرد لە بواری پزیشکی بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ زیرەکی دەستکرد عیلمی هەژاندووە و لە بواری شێرپەنجەشدا، ئێمە مەعلوماتی هەزاران نەخۆش دەدەین بە زیرەکی دەستکرد و فێری ئەو مەعلوماتەی دەکەین، دواتر مەعلوماتی نەخۆشێکی خۆمان کە تووشی شێرپەنجە بووە یان نیشانەکانی ئەو نەخۆشییەی تێدایە، پێی دەدەین، ئەوکات پێمان دەڵێ، ئایا ئەو نەخۆشە لە داهاتوودا تووشی شێرپەنجە دەبێت، یان ئەگەر شێرپەنجەی هەیە، دیاری دەکات کە نەخۆشییەکە لە جەستەیدا بڵاودەبێتەوە یان نە، یانیش ئەگەر نەخۆشەکە لەکاتی چارەسەریدا بێت، پێمان دەڵێ کە ئایا ئەو دەرمانە گونجاوە بۆ جەستەی نەخۆشەکە یان نە”.
” لە ئێستادا تەنیا پسپۆڕەکانی ئەو بوارە دەتوانن ژیری دەستکرد بەکاربهێنن و خەڵکی ئاسایی ناتوانێت”، د. کەژاڵ محەمەدی وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر لەو رێیەوە زانیان کە نەخۆشێکیان خەریکە تووشی شێرپەنجە دەبێت، دەتوانن شێوازی ژیانی نەخۆشەکە بگۆڕن و مەترسییەکانی سەر ژیانی کەم بکەنەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری