چیرۆکی سەرکەوتنی كچه پەنابەرێکی كورد
“نووژین” له‌سه‌ر کورسی ویلچەره‌وه بۆ كۆبوونه‌وه‌كانى یه‌كێتى ئه‌وروپا
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
لێره و له‌وێ باس له كچێكی په‌نابه‌رى كوردى كۆبانى ده‌كرێت كه چۆن به‌هۆى ئه‌وه‌ى خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ته، به كورسی ولچهرهكهیهوه رێگاى كۆچی بۆ وڵاتان بڕیوه و ئێستا له‌ناو كۆبوونه‌وه‌كانى یه‌كێتى ئه‌وڕوپا ده‌بیندرێت و به‌یه‌كێك له‌و په‌نابه‌ره كورده سه‌ركه‌وتووانه باسی ده‌كرێت كه چیرۆكێكى دوورودرێژى له پشته‌وه‌یه.
نووژین مسته‌فا، كچه كورده پهنابهرهكهیه، ساڵی 1999 لە شاری کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان لە دایکبووە، خاوەن پێداویستی تایبەتە و هەر لە منداڵیەوە توشی ئیفلیجی قاچەکانی بووە، بەڵام ئەمە نەبۆتە رێگر لەبەردەم دەستکەوتو و سەرکەوتنەکانیدا.
به‌ر له‌وه‌ى چه‌كدارانى داعش هێرشی سه‌ر شارى كۆبانێ بكه‌ن نووژین و خێزانه‌كه‌ى ژیانێکی سادەیان هەبوو، له‌رێگه‌ى تەماشاکردنی کارتون و بەرنامەی تهلەفیزیۆنی لەناو ماڵی خۆیاندا خۆی فێری زمانی ئینگلیزی کردووە، چونكه بەهۆی ئەو حاڵەتە تایبەتەی کە هه‌یه‌تى نەیتوانیوە لە قوتابخانەکاندا بخوێنێت.
ساڵى 2014 لەکاتی هێرشى داعش و جەنگ لە کۆبانێ، نووژین و خێزانەکەی بڕیاردەدەن کۆچ بکەن بەرەو ئەوروپا بە رێگەی نایاسایی و لە رێگەی دەریاوە و دواتر بە رێگەی وشکانی بە پێ رۆشتن کە ئەگەر بۆ کەسێک و خێزانێکی ئاسایی یەکجار قورس بێت ئەو رێگەیە بۆ نووژین و خێزانەکەی دە هێندە قورس‌تر بووە بە هۆی کارنەکردنی قاچەکانییەوە، گەشتەکەیان نزیكەی سێ بۆ پێنج هەفتەى خایاندووه تاوه‌كو گه‌یشتوونه‌ته وڵاتی ئەڵمانیا.
نووژین دەبێتە خاوەنی مافی پەنابەری و لە شاری کۆڵن نیشتەجێ دەبێت، زمانەکانی ئەڵمانی و ئینگلیزی بە تەواوی فێردەبێت و دەستدەکات بە خوێندن و دەبێتە خاوەنی بڕوانامەی به‌کالۆریۆس لە زانستە سیاسیەکان و مافی مروڤدا.
بەردەوام بانگێشت دەکرێت بۆ بەشداریکردن لە رووداوە نێودەوڵەتییەکان له‌وانه‌ش به‌شێك له كۆبوونه‌وه‌كانى پەرلەمانی ئەوروپا، بەرنامەی پەنابەری لە نەتەوەیەکگرتووەکان UNHCR- قسەکردن لە پڕۆگرامی نێوده‌وڵه‌تى تێدێکس.
نووژین ئێستا خاوەنی کتێبێکە بە ناوی One Girl’s Incredible Journey from War-Torn Syria in a Wheelchair واتا (گەشتێکی باوەڕپێنەکراوی کچێک لە سوریای جەنگاوییەوە بە کورسی ویلچەر”، کتێبەکەی لە ساڵی 2016 چاپکراوە کە وەرگێڕدراوە بۆ چەندین زمان و باس لە گەشتە پڕ مەترسیەکەی بەرەو ئەوروپا دەکات و چۆن بووە بەپەنابەر.
رەخنەگرانی کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتی بوێرى و زیره‌كى نووژین بە نموونەی پەرەسەندنی جوانی ژن دەناسێنن، وەکو خۆی دەڵێت “من ناتوانم بە پێی بە رێگادا بڕۆم، بەڵام دەتوانم روحی خۆم بەرەوپێش بەرم”.
هه‌موو زانیارییه‌كانى ناو ئه‌م چیرۆكه‌ى سه‌ره‌وه ده‌زگاى لوتكه بۆ كاروبارى په‌نابه‌ران بڵاویكردووه، ده‌شڵێت، نووژین یەکێکە لەو هەزارەها پەنابەرە سەرکەوتووەی کە چەندین نەتەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سوودی لێدەبینن، هەمیشە دیوێکی تر هەیە کە رووی پەنابەرانە، بەڵام بەداخەوە هەوڵ بۆ ناشرینکردنیان دەدرێت، وەک نووژین دەڵێت “پەنابەرەکان ترسناک نین، ئەوان مرۆڤن کە ئارەزووی ژیان و ئاسایش دەکەن”
