لە شێلادزێ
بۆنی زبڵ و دوکەڵی سوتاندنەکەی دۆخەکەی شڕ کردووە
964+
ژووری هەواڵ
ناحیەی شێلادزێ بە ژینگە جوان و شاخاوییەکەی ناسراوە، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە بۆنی زبڵ و دووکەڵی سوتاندنەکەی لە نزیک ماڵان دانیشتوانەکەی هەراسان کردووە، سەرۆکی شارەوانیەکەشیش دەڵێت،”ئێمەش حەز دەکەین جێگای گونجاوتر هەبێت و ئەمە دۆخی ناحیەکە نەبێت”.
گازندەکانی دانیشتوانی ناحیەکە بە جۆرێكە کە وەک خۆیان دەڵێن، بێزاربون لە داواکاری و رێگا نەما تاقینەکەینەوە، بەڵام هەمووی بێ سود بووە.
نزار سنجی، دانیشتویەکى شێلادزێیە و بە 964ـى وت،”چەندین ساڵە ئەمە دۆخمانە، لەبەردەم دەرگاکانمان زبڵ دەبەن و لە 100 مەتر دووری خۆمان دەیسوتێنن و دوکەڵەکەمان بۆ دەنێرنەوە”.
بەوتەى نزار، ئەم چەند ساڵە رێژەى شێرپەنجەش لە ناحیەکەیان زیادى کردووە، پرسیار دەکات و دەڵێت: لەوانەیە ئەم زبڵ و دوکەڵە یەکێک لە هۆکارەکانى بێت، بەڵام کێ بەرپرسیارە؟.
964، پرسیارى نزارى لە عەرەفات عەبدوڵڵا سەرۆکی شارەوانی شێلادزێ بە وەکالەت کرد، ئەو لەوەڵامدا وتى،” لە راستیدا ئەوە ئێمە نین دەیسوتێنن چەند کەسێكن بۆ دەستخستنی ئاسن، ئاگر لە زبڵەکە بەردەدەن و هەر بۆیە کامێرا و پاسەوانمان بۆ شوێنەکە داناوە، ئێمەش حەز دەکەین جێگای گونجاوتر هەبێت و ئەمە دۆخی ناحیەکە نەبێت”.
“بەزوترین کات پێویستمان بە دابینکردنی شوێنی گونجاو و کارگەیەکی ریساکلینە(دووبارە بەکارهێنانەوە)”، عەرەفات عەبدوڵا واى وت.
لەبارەی زیانە تەندروستیەکانی کۆبونەوەی زبڵ خاشاک و دوکەڵی سوتاندنەکەی، رەوەند عەبدولرحمان کە پزیشکى پسپۆڕی سنگ و دڵە، بۆ 964 وتى،”بە گشتی زیانەکانی دووکەڵ زۆرە، رێژە و مەودای بەرکەوتنی کەسەکان لەگەڵ زبڵ و دوکەڵەکەی جیاوازی لە کاریگەریەکەی دروست دەکات، بەڵام بێگومان زۆر مەترسیدارە”.
سەبارەت بە نەخۆشییە مەترسیدارەکانی کە دەکرێت بەهۆى ئەم دووکەڵەوە تووشى خەڵک ببێت، ئەو پزیشکە وتى،”ماوەی زۆری بەرکەوتنی مرۆڤ بە دووکەڵ دەبێتە هۆکار بۆ ریشاڵبونی سییەکان، تا دەگاتە لەناوچوونی سیەکان”.
“جگە لە زیانەکانی دووکەڵەکە بەکتریا و میکرۆبەکانی ناو زبڵ و خاشاکەکە دەکرێ هۆکار بن بۆ گواستنەوەی زۆر نەخۆشی و دەردی گەورە، بۆیە پێشنیازم وایە لە هەرێمی کوردستان توێژینەوە لەسەر جۆر و کاریگەری دوکەڵەکان بکرێت”، دکتۆر رەوەند واى وت.
ناحیهی شیلادزێ سهر به قهزای ئامێدیه، 100 كیلۆمهتر له سهنتهری پارێزگای دهۆكهوه دووره.