کۆمەکى دەکەن
قەڵادزێیەکانى تاراوگە؛ بە کەمپەینێک دەیانەوێت قاسەى یانەکەیان پڕ بکەن
964+
وریا فەتاح
قەڵادزێیەکانى نیشتەجێى بەریتانیان، دەستیانکردووە بە کەمپەینێک بۆ کۆکردنەوەى پارە بۆ یانەى قەڵادزێ و دەیانەوێت ئەو دەستکەوتەى ساڵى پار یانەى شارەکەیان لە خولى پلەیەک بەدەستیهێنا، لە خولى نایابیش درێژەى هەبێت.
لەژێر ناوى ” وەرزش دەکەین سونبوڵى ئاوەدانى و رەمزى بەیەکەوەژیان”، تاراوگەنشینانى قەڵادزێ، کەمپەینێکى کۆکردنەوەى پارەیان بۆ یانەى قەڵادزێ رێکخستووە.
رێباز محەمەد، یەکێک لە سەرپەرشتیارانى کەمپەینەکە، لە وڵاتى بەریتانیاوە قسەى لەگەڵ 964 کرد و وتى،”بەگیانى هەرەوزى و پشدەریانە، قەڵادزێیەکانى نیشتەجێى بەریتانیا بڕیاریانداوە کارێکى مەزن بۆ شارەکەیان بکەن و بیکەنە پڕۆژەیەکى نیشتمانى و بەردەوام بۆ داهاتووش”.
کەمپەینەکە کۆکردنەوەى پارەیە لەو قەڵادزێی و پشدەریانەى دانیشتووى بەریتانیا و ئەوروپان بۆ ئەوەى لە رێیەوە یارمەتى یانەى قەڵادزێ بدەن، بۆ ئەوەى بتوانێت هاوشێوەى ساڵى رابردوو کە بووە پاڵەوانى خولى پلەیەکى کوردستان، لە خولى نایابیش ئاستێکى بەرز پێشکەش بکات.
بەوتەى رێباز، لەگەڵ بەرپرسانى یانەکە و لایەنە ئیدارییەکانى قەڵادزێ قسەیان کردووە کە یانەى قەڵادزێ ببێتە یانەیەکى نیشتمانى و هەمووان بەپێى توانا هاوکاربن.
“لەئێستادا، گروپێکى واتساپمان دروستکردووە، 40 کەسێک تێیدا بەشدارین و سێ ئەندامى یانەى قەڵادزێش لەوێدا بەشدارن، دەمانەوێت لە ئایندەدا بیگەیەنین بە هەموو ئەو قەڵادزەییانەى لە تاراوگەن، بەتایبەت لە بەریتانیا کە زیاتر لە 5000 کەسى لێیە، ئەگەر هەریەکێک مانگانە بە یەک پاوەن بەشدارى بکات، دەتوانین مانگانە پێنج هەزار پاوەن کۆبکەینەوە”، رێباز واى وت.
وەک ئەوەى رێباز محەمەد باسى دەکات، لەچوارچێوەى یاساى بەریتانى دەستیان بە کەمپەینەکە کردووە و هەژمارێکى بانکیان دروستکردووە، لەژێر چاودێرى و یاساى ئەو وڵاتەدایە و بەخشینەکان دەخرێنە سەر هەژمارە بانکییەکە.
وتیشى،”رۆژ بەڕۆژ کۆمەڵگەى کوردى لە بەریتانیان زیاد دەبێت، زیاتر لە پێنج هەزار قەڵادزەیى و نزیکەى 170 هەزار کوردى هەر چوار پارچە لەو وڵاتە هەن، بۆیە گرنگە بۆ ئاوێتەبونەوەى ئەو کۆمەڵگەیە بە نیشتمان، گرنگە ئەو کەمپەینانە هەبن بۆ هاوکاریکردنى وڵاتەکەمان، چونکە ئەو هاوکارییە ئەگەر کەمێکیش بێت، بۆ کوردستان زۆرە و لەرووى ئاوێتەبوون و گیانى هەرەوزیشەوە، کارێکى پیرۆزە”.