منداڵە بلیمەتەکەی سلێمانی

توانای مێشکی چەند ساڵێک لە پێش خۆیەوەیەتی و پەروەردە لە چارەسەرێک دەگەڕێت

+964
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

لە سلێمانی منداڵێک هەیە پەروەردەو قوتابخانەکەو کەسوکاری بەخۆیەوە خەریک کردووە، لە پشکنینی پزیشکی دەرکەوتووە توانای مێشکی زۆر لە تەمەنی ئێستای زیاترە.

شاسوار سەنگەر عاسی قوتابی پۆلی پێنجەمی بنەڕەتییە، چەند ساڵێکە کەسوکارەکەی لە چارەسەرێک دەگەڕێن بۆی، چونکە لە مەکتەب ناحەوێتەوەو دەڵێن ئەم شتانەی دەیخوێنین هەمووی دەزانم، کاتێک چوون پشکنینی پزیشکیان بۆ کردووە دەرکەوتووە (IQ)ی لەنێوان 114 بۆ 120 دایەو لە مرۆڤی ئاسایی زۆر زیاترە.
IQ کورتکراوەی “Intelligent Quotient” یە، بە مانای رێژەی ژیری دێت کە پێوەرێکە بۆ زانیاری و توانای مێشکی مرۆڤ، ئەم ژمارەیە بە یارمەتی کۆمەڵێک تاقیکردنەوەی تایبەت بە توانای بیرکردنەوە، شیکارکردنی زانیاری، لۆژیک، و چارەسەرکردنی کێشەکان دیاری دەکرێت.

چەند رۆژێک پێش ئێستا مامۆستا نەژاد عەبدوڵا بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی شاسواری بینی و قسەی ئەوەیان کرد یارمەتی بدەن.

ئەمڕۆ شاسوار لە پۆلەکەی خۆی لە قوتابخانەی ئاسودەی بنەڕەتی قسەی بۆ 964 کرد، شاسوار دەڵێت: مێشکم لە خۆم گەورەترە، ئێستا من لە پۆلی پێنجم بەڵام پێم وایە دەبێ لە پۆلی حەوت یا هەشت یا نۆ بم، هەر شتێک دووجار بخوێنمەوە لەبەری دەکەم.

بە لێکدانەوەی پزیشکەکانی و مامۆستاکانی تێگەیشتوون ئەمە لەو جۆرەیە کە پێویستیان بە پەروەردەی تایبەتە، بۆیە ئێستا لەوە دەگەڕێن هەندێ چالاکی بۆ بدۆزنەوە مێشکی پێوەی سەرقاڵ بکەن.

مامۆستا رەیان دلێر مامۆستای پەروەردەی تایبەتە لە قوتابخانەکەو ئاگای لە حاڵی شاسوارە، دەڵێت دەکەوێتە ناو گروپی پەروەردەی تایبەت، پلانمان هەیە یارمەتی بدەین تواناکانی خۆی دەربخات و خۆ گونجاندن بکات لەگەڵ هاوپۆلەکانی.

یەکێک لە کێشەکانی شاسوار ئەوەیە لە پۆلدا خۆی ناگرێت، دەبێت دایکی بچێت لەگەڵیدا بێت ئینجا دەمێنێتەوە.

چیمەن ئەحمەد دایکی شاسوار هەر لە ناو پۆلەکە بوو بە 964ی وت: ئاستی زیرەکییەکەی کێشەی بۆ دروستکردووەو ئاڵۆزی کردووە، چونکە لە پێی وایە ئەم بابەتانە بۆ ئەو دووبارەیەو زوو تاقەتی دەچێت، تەنانەت لە ماڵەوەش پێویستی بە سەعی نییە.