پیاوێک 40 دۆنمی چاندووە
“بەخوا پارە ناکات”؛ شوتییە پاییزەکەی شارەزوور پێگەیشت
964+
بڕوا مەجید – شارەزوور
شوتییە پاییزەکەی شارەزوور پێگەیشتووە و پیاوێک لە گوندی یەخشی سەر بە قەزای شارەزوور، 40 دۆنمی چاندووە، ئەم بەرهەمانە دوای کۆتایی هاتنی بەروبوومی کشتوکاڵی هاوینەیە و ئیتر کاتی چنینەوەی پاییزەیە.
ئەمساڵ شوتی پاییزەی شارەزوور بەشەرتە و دەڵێن، بێ دەرمانە.
مام جەبار، جوتیارێکی گوندی یەخشییەیە لە قەزای شارەزوور و بە 964ـی وت، “دوای ئەوەی بەرهەمی شوتی هاوینەم کۆتایهات، لە زەوییەکانی گوندی یەخشی لە ناحیەی زەڕایەن 40 دۆنم زەوی کشتوکاڵیم بە شوتی پاییزە چاندووە، کە ناوی کۆن تامە و ئێستا ساتی پێگەیشتنی شوتییەکەیە”.
خۆی و کرێکارەکان سەرقاڵی کۆکردنەوی بەرهەمەکەن، شوتییەکە کێشیان لە پێنج تا 20 کیلۆ دەبێت، ئەو دەڵێ، هیچ دەرمانێکیان بەکار نەهێناوە بۆ شوتییەکە لەماڵەکەی خۆمان دڵنیایە و تا خۆیان لێینەخۆن نایخەینە بازاڕەوە.
لە سەرەتای مانگی حەوت شوتییەکە دەچێنرێت و لە سەرەتای مانگی 10 پێدەگات، ئەو جوتیارە شوتییەکەی بەشەرتی زبری و شیرینی و بێ دەرمان دەفرۆشێ و شوتییەکی سروشتی و تایبەتە و دەڵی، بە بیر ئاوی داوە.
بەڵام، سەرەرای ئەو زەحمەتییانە دەڵێ، بەداخەوە کێشەی ئەوەمان هەیە سەرەڕای باشی بەرهەمەکە داهاتێکی باشی نیە و لە عەلوەکاندا پارەناکات، بەهۆکاری ئەوەی شوتی وڵاتانی تر هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، کە شوتییەکانیان بە رەنگ و دەرمان گەورەکراوە و بەقەدەر شوتی شارەزوور باش نییە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا