ئەوانەی لەسەرەتای ئەمساڵەوە بڕیاری خانەنشینبوونیان بۆ دەرکراوە
سبەی خانەنشینان موچەی شەش مانگ وەردەگرن
964+
شۆڕش قادری
سبەی چوارشەممە شایستەی شەش مانگی مۆڵەتی کۆکراوەی خانەنشیان خەرج دەکرێت کە لە سەرەتای ئەمساڵ بڕیاری خانەنشینبوونیان بۆ دەرکراوە.
کەمێک لەمەوبەر وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، “بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و لەسەر فەرمانی وەزیری دارایی و ئابووری، رۆژی چوارشەممە 8.10.2025 شایستەی شەش مانگی مۆڵەتی کۆکراوەی سەرجەم ئەو خانەنشینانە بەشێوازی قۆناغ بە قۆناغ دابەش دەکرێت، کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە بڕیاری خانەنشینبوونیان بۆ دەرکراوە و تا ئێستا ئەو شایستەیەیان وەرنەگرتووە.”
ئاماژە بەوەش کراوە، چەند جارێک بە نووسراوی فەرمی داوا لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراوە ئەو شایستەیەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی هاوتاکانیان لە پارێزگاکانی تری عێراق خەرج بکات، بەڵام تا ئێستا رەزامەندی لەسەر نەداوە، بۆیە بڕیاردرا سەرجەم ئەو شایستانە لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت.
بۆ روونكردنەوەی زیاتر لە بارەی ئەم شایستە داراییە، شارەزایەكی دارایی و كارگێڕیی لە هەولێر، بە 964ی راگەیاند، ئەو پارەیەی دەدرێتە خانەنیشنان، پارەی مۆڵەتی كۆكراوەی كاتی فەرمانبەری و كاركردنیانە و لە كۆتایی خزمەت و خانەنشینبوونیاندا بەرامبەر ئەو رۆژانەی كە مۆڵەتی خۆیان بووە و وەریاننەگرتووە، ئەو بڕە پارەیان پێدەدرێت.
وتیشی، سەرەتای ئەمساڵ سێ مەوالیدی جیاواز خانەنشین بوون، بۆیە ژمارەیان زۆرە و پارەكەشیان زۆرە، رەنگە لەبەر ئەوەبێت وەزارەتی دارایی قۆناغ بە قۆناغ پارەكە دابەش بكات.