هەڵبژاردن یان دامەزراندن؟
هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە سوریا بەڕێوەدەچێت
964+
وریا فەتاح
ئەمڕۆ یەکشەممە، سوریا یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد ئەنجام دەدات، کورد و دەروزەکان نیگەرانن و پڕۆسەکە بە دامەزراندن ناو دەبەن نەک هەڵبژاردن.
پرۆسەکە بەشێوەی دەنگدانی راستەوخۆ نابێت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل، کە بەرپرس دەبێت لە دەرکردنی یاساکان لە ماوەی قۆناغی گواستنەوەدا.
لەوەی جێگەی دەنگدانی گشتی، “کۆلێژەکانی هەڵبژاردن” نوێنەران بۆ دوو لەسەر سێی کۆی 210 کورسییەکەی پەرلەمان هەڵدەبژێرن، سهرۆكی كاتی، ئهحمهد شەرع، ئهندامانی پهرلهمان بۆ بهشهكهی تر دادهمهزرێنێت.
ئەم هەڵبژاردنە لەکاتێکدایە کە 10 مانگ بەسەر لابردنی ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سوریا، لەلایەن هێزەکانی شەرعەوە تێدەپەڕێت، کە کۆتایی بە شەڕێکی ناوخۆیی 13 ساڵە هێنا.
بەرپرسان ڕایانگەیاندووە کە بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە، هەڵبژاردن لە دوو پارێزگای ژێر کۆنترۆڵی کورد (حەسەکە و ڕەققە) و پارێزگایەکی دیکە (سوەیدا) کە پێکدادانی خوێناوی لەنێوان هێزەکانی حکومەت و میلیشیا درووزییەکان ڕوویدا، دواخراوە.
شەرع لە وتارێکدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەفتەی رابردوودا – کە یەکەم وتاری سەرۆکێکی سوریا بوو لە ماوەی 60 ساڵدا – بەڵێنی دا هەموو ئەوانەی بەرپرسن لە خوێنڕشتنەکان و ئەوانەی لە سەردەمی ئەسەددا تاوانیان ئەنجامداوە، رووبەڕووی دادگا بکرێنەوە.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە سوریا “خۆی بنیاد دەنێتەوە لەڕێگەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی نوێ و بنیادنانی دامەزراوە و یاساگەلێک کە مافی هەمووان بەبێ جیاوازی بپارێزێت.”
وردەکاریی پرۆسەی هەڵبژاردن
هەڵبژاردنەکانی ئەمڕۆ لەلایەن “لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی گەلی سوریا” سەرپەرشتی دەکرێت، کە 11 ئەندامەکەی لە مانگی حوزەیراندا لەلایەن سەرۆکەوە دیاریکران.
ژمارەی کورسییەکان لە هەر یەک لە 60 بازنەکەدا لەسەر بنەمای ئاماری دانیشتووانی ساڵی 210 دانراوە، واتە ساڵێک پێش دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 600 هەزار کەس و ئاوارەبوونی 12 ملیۆنی تر.
دواخستنی هەڵبژاردن لە سێ پارێزگای ڕەققە، حەسەکە و سوەیدا، وادەکات کە کۆلێژەکانی هەڵبژاردن تەنها لە 50 بازنەدا نوێنەر بۆ نزیکەی 120 کورسی هەڵبژێرن.
زیاتر لە 1500 پاڵێوراو بەشداری دەکەن کە دەبێت خۆشیان ئەندامی کۆلێژی هەڵبژاردن بن، لایەنگرانی “رژێمی پێشوو یان رێکخراوە تیرۆریستییەکان” و هەروەها داواکارانی “جیابوونەوە، دابەشبوون یان دەستێوەردانی دەرەکی” لە ئەندامێتی قەدەغە کراون.
پێویست بووە کە لانیکەم 20%ی ئەندامانی کۆلێژەکانی هەڵبژاردن ژن بن، بەڵام هیچ پشکێکی دیاریکراو بۆ ژمارەی پەرلەمانتارانی ژن یان کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکانی وڵاتەکە دانەنراوە.
سەرۆک 70 کورسی لە دەرەوەی کۆلێژەکانی هەڵبژاردن دیاری دەکات، مانگی ڕابردوو، 14 رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنیی سوریا نیگەرانیی خۆیان دەربڕی کە ئەمە واتای ئەوەیە سەرۆک کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پێکهاتەی پەرلەمان دەبێت.
کاردانەوە و نیگەرانییەکان
کورد و درووزەکان رەخنەیان لە پرۆسەکە گرتووە و بە دوورخستنەوەی خۆیان لە قەڵەمی دەدەن، ئیدارەی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاندووە کە “پێناسەکردنی ناوچەکانمان وەک ناوچەی نائارام” بۆ “پاساودانە بۆ سیاسەتی نکۆڵیکردن لە زیاتر لە 5 ملیۆن سوری” لەو ناوچانە.
سورەیا مستەفا، لە پارتی یەکێتی دیموکرات (PYD)، رایگەیاند کە پرۆسەی هەڵبژاردن و دواخستنی، نیشاندەری ئەوەیە کە حکومەت هەمان “عەقڵییەتی دیکتاتۆریی پێشووی” هەیە.
لە سوەیداش کە گرژی لەگەڵ دانیشتووانە درووزەکەیدا لە ئاستێکی بەرزدا ماوەتەوە، دانیشتووان ساردوسڕی خۆیان بەرامبەر پرۆسەکە نیشان داوە و بە “دەمەزراندن” ناویان بردووە نەک هەڵبژاردن.
سەرۆکی کاتی، ئەحمەد شەرع، بەرگری لە شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان کردووە و رایگەیاندووە: “لە قۆناغی گواستنەوەدا، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی جەماوەری بەهۆی لەناوچوونی بەڵگەنامەکان و بوونی نیوەی دانیشتووان لە دەرەوەی سوریا، کە ئەوانیش بەڵگەنامەیان نییە، کارێکی قورسە.”