مۆمەکەى کوژاندەوە و کێکەکەى خوارد
یادى لەدایکبوونى کەرەبۆر بەرز راگیرا
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
پەندێکى کوردى هەیە دەڵێت،”سەگ لە قەسابخانە نەمرێت، عومرى بەزایە رۆشتووە”، ئەمە رێک بۆ کەرەبۆر راستە، رۆژانێک بارەبەر و رەنجکێش بووە، بەڵام دواى ئەوەى قاچێکى لەدەست دەدات، نیازیان هەیە سەرى ببڕن و گۆشتەکەى بکەن بە خۆراکى ماسییەکان، بەڵام کاتێک رێکخراوێکى ئاژەڵدۆستى پێى دەزانن، رێگە لەوە دەگرن و دەیبەن بۆلاى خۆیان و بۆ دووەم ساڵیش لەسەریەک، مۆمى لەدایکبوونى بۆ دادەگیرسێنن.
رێکخراوەکە، ئەو رۆژەى کەرەکەیان هێناوە بۆ لاى خۆیان، کردویانە بە رۆژى لەدایکبوونى کەرەبۆر و ساڵانە لەو رۆژەدا کێکى بۆ ئامادە دەکەن و فولە مۆمى تێپەڕینى ساڵێکى تەمەنى دەکەن.
فەرمان فازڵ، سەرۆکی رێکخراوی ئاژەڵپارێزانی کوردستان کە کەرەبۆریان گرتووەتە خۆ، بە 964ـى وت،” ئێمە سەرەتا ئاگادار کراینەوە کە کەرێک هەیە و قاچى تەواو نییە،بۆیە رااستەوخۆ کەرەکەمان هێنایە لای خۆمان و خزمەتى دەکەین”.
“شوتیم بۆخۆم نەخواردووە، هێناومە لێرە قاش قاشم کردووە و لەگەڵ کەرەبۆر خواردوومە”، فەرمان فازڵ واى وت.
وتیشی،” ئێمە نازانین لە چەندی چەند لەدایکبووە، بەڵام لەو رۆژەی کە هێناومانە ساڵانە یادی لە دایکبوونی دەکەینەوە و ماوەی دوو ساڵە لای ئێمەیە و ئەوە مۆمى دوو ساڵەیەتى”.
وەک ئەوەى باسى دەکات، کەر لە رابردووى کۆمەڵگەى کوردى پێگەیەکى بەرزى هەیە، هەم شۆڕش لەسەر پشتى کەر بووە و هەمیش کاروبارى خەڵک، بۆیە وەک دەڵێت،”ئێستا کە رۆڵى کەمبووەتەوە، ناکرێت فڕێ بدرێت”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح