بۆ پاراستنیان لە بڕینەوە

دارە بەتەمەنەکانی کەرکوک ژمارەیان بۆ دادەنرێت

964+

ژێوار خدر

شارەوانیی کەرکوک دەستی بە پڕۆژەیەکی نوێ کردووە بۆ دانانی ژمارە لەسەر دارە تەمەندرێژەکانی شارەکە، بە ئامانجی پاراستنیان لە بڕینەوە و دروستکردنی داتابەیسێکی تایبەت بۆیان، پڕۆژەکە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی فراوانتردایە بۆ پاراستنی ژینگەی شارەکە.

عەدنان رەشید، وتەبێژی شارەوانیی کەرکوک بە 964ـی راگەیاند، پڕۆژەکە لەلایەن بەشی باخچە و پارکەکانەوە و بە هاوکاریی تیمی خۆبەخشی ‘دەستە سەوزەکان’ (الایادي الخضراء) جێبەجێ دەکرێت.

وتیشی، قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە ژمارەدانانی 50 داری تەمەندرێژی لەخۆگرتبوو و ئێستا لە قۆناغی دووەمدان کە زیاتر لە 100 داری دیکە لە ناوچە جیاوازەکانی کەرکوکدا ژمارەیان بۆ دادەنرێت، ئامانج لەم کارە پاراستنی دارەکان و دروستکردنی بنکەیەکی زانیارییە بۆیان.

باسی لەوەشکرد، بەپێی یاسا، ئەم دارانە بە پارێزراوی ژینگەیی دادەنرێن و دەستکاریکردن یان بڕینەوەیان بەبێ رەزامەندیی ئیدارەی پارێزگا و شارەوانی قەدەغەیە و سەرپێچیکاران رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.

روونیشیکردەوە، ئەم هەڵمەتە بە بەشداریی رێکخراوی ئاشتی و ئازادی (IRC) و (UKaid) بەڕێوەدەچێت و ئامانجی بڵاوکردنەوەی هۆشیارییە لەسەر گرنگیی پاراستنی دارە بەتەمەنەکان.

ژمارەیەک کرێکاری شارەوانی کەرکوک پاداشتی دارایی کران

ژمارەیەک کرێکاری شارەوانی کەرکوک پاداشتی دارایی کران