دوای هەفتەیەک مانەوە لە نەخۆشخانە
ئەو منداڵەی لە بازگەی بانی مەقان تەقەی لێکرابوو گیانی لەدەستدا
964+
ژووری هەواڵ
ئەو منداڵە تەمەن هەشت ساڵەی هەفتەی رابردوو لە بازگەی بانی مەقان لە نێوان کەرکوک – چەمچەماڵ تەقە لە ئۆتۆمبێلەکەیان کرابوو دوای هەفتەیەک مانەوەی لە نەخۆشخانە بەرەبەیانی ئەمڕۆ گیانی لە دەستدا، دۆسیەکەشی لە دادگای کەرکوکەوە رەوانەی دادگای چەمچەماڵ کراوە.
دیار جەبار باوکی منداڵەکە بە 964ـی وت، کوڕە هەشت ساڵانەکەم بەهۆێ سەختی برینەکەیەوە لەنەخۆشخانە مایەوە و چەندین جار هەوڵماندا رەوانەی نەخۆشخانەکانی هەوڵێری بکەین، بەڵام پزیشکەکان پێیان وتین ئامێری هەناسەدان لەدەمی لابدرێت گیان لەدەستدەدات، بەداخەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی ئازادی لە کەرکوک گیانی لە دەستدا و تەرمەکەیمان لە گۆڕستانی باروتخانە بەخاکسپارد.
دیار دەربارەی دۆسیەکەی لە دادگا وتی، دوای ئەوەی لە بنکەی پۆلیسی قەرەهەنجیر سکاڵام تۆمارکرد چوومە بەردەم دادوەر لە دادگای کەرکوک، دادوەر گوێی بۆ گرتم و دۆسەکەی رەوانەی دادگای چەمچەماڵ کرد ، بەڵام ئەوە چەندین رۆژە لە دادگای چەمچەماڵەوە هیچ ئاگادارکردنەوەیەکم بۆ نەهاتووە.
ئێوارەی 26ـی ئەیلوولی 2025، لە بازگەی بانی مەقان لە سنووری چەمچەماڵ، هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێک کرد و لە ئەنجامدا منداڵێک و دایکی بریندار بوون، سەرچاوەیەكی ئەمنییش ئەو کاتە بە 964ـی راگەیاند، ئەو كەسەی تەقەی لێكراوە، داواكراو بووە.