بۆ پێنج كێڵگەی نەوتییە

عێراق و کۆمپانیای BP بەریتانی لەسەر نەوتی کەرکوک رێککەوتن

964+
فەرهاد حەسەن

عێراق و کۆمپانیای BP بەریتانی لەسەر نەوتی کەرکوک رێککەوتن
وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای BP بەریتانی رێککەوتنی کاراکردنی گرێبەستی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک و نۆژەنکردنەوەی دامەزراوەکانی غازی سروشتییان واژۆ کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویکردەوە، بە چاودێری حەیان عەبولغەنی، وەزیری نەوت گرێبەستی کاراکردنی گرێبەستی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی باباگوڕگوڕ، ئاڤانا، بای حەسەن، خەباز و جەمبور لەگەڵ کۆمپانیای BP بەریتانی واژۆ کرا.
بە پێی گرێبەستەکە کە لە نێوان کۆمپانیای نەوت و غازی باکور و کۆمپانیا بەریتانییەکە واژۆ کراوە، دامەزراوەکانی غازی سروشتیش نۆژەندەکرێنەوە.
گرێبەستەکە هەلی کار بۆ کەرکوک و پارێزگەکانی دەوروبەری دابین دەکات لەگەڵ فەراهەمکردنی سووتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و پیشەسازیی ناوخۆیی.
وەزیری نەوت دەڵێت، ئامانجی گرێبەستەکە پەرەدانە بە کێڵگەکانی نەوت و زیادکردنی بەرهەمی غازە بۆ دابینکردنی پێداویستیی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.
ئەوەشی خستەڕوو کە جێگیرکردنی تێكڕای بەرهەمهێنانی 328 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بە دەستپێکردنی گرێبەستەکە دادەنرێت و ئەوەش کە لەوە زیاتر دەبێت بە پەرەپێدان دادەنرێت.