بۆ كشتوكاڵكردن و رزگاركردنی ژیانی پاڕكێك
لە هەریر پڕۆژەیەكی تایبەت بە چارەسەركردنی ئاوی ئاوەڕۆ دروستكرا
964+
فەرهاد حەسەن
لە قەزای هەریر، پڕۆژەیەك دروستكراوە چارەسەری ئاوی ئاوەڕۆی تێدا دەكرێت و وەكو قۆناغی یەكەمیش سوودی ئاوەكە بۆ كشتوكاڵكردن بەكاردەهێندرێت، كە لە ئێستادا رۆژانە پێنج موكەعەب ئاو بەرهەم دەهێنێت.
عەبدولسەمەد محەمەد، بەڕێوەبەری توێژینەوەی کشتوکاڵی هەولێر بە 964ـی راگەیاند، رێكخراوی بۆردای ئەڵمانی ئەم پڕۆژەیەی دروستكردووە و پێشتریش لە هەولێر چەند پڕۆژەیەكی هاوشێوەی بەسەركەوتوویی ئەنجام داوە.
وتیشی “لە قۆناغی یەكەمدا ئەم پڕۆژەیەی قەزای هەریر بۆ مەبەستی كشتوكاڵكردن و زیادكردنی رێژەی سەوزایی سوودی لێوەردەگیرێت، كە رۆژانە پێنج موكەعەب ئاو بەرهەمدەهێنێت”.
ئاماژەی بەوەشكرد، پاڕكێكی ئەم قەزایە بەهۆی وشكەساڵییەوە بەرەو وشكبوون دەچێت لەرێگەی ئەم پڕۆژەیەوە ژیان بۆ پاڕكەكە دەگەڕێندرێتەوە.
پێش دوو ساڵ، هەمان رێكخراوی ئەڵمانى پڕۆژەی هاوشێوەی لە ناو بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوەی كشتوكاڵ لە هەولێر و لە دارەتووش بەسەركەوتوویی ئەنجامدراوە، بەڕێوەبەری توێژینەوەش دەڵێت، دروستكردنی ئەم پڕۆژانە بۆ ئەوەیە بەپلەی یەكەم چیتر جوتیاران بە ئاوی پیس كشتوكاڵەكانیان بەرهەم نەهێنن و ئەمەش دەبێتە هۆشیارییەك بۆ ئەوان.