لەنێوان سلێمانی و دیالە كراوە

لەرێگەی رێككەوتنێكەوە بەنداوی دەربەندیخان فریای دەریاچەی حەمرین دەكەوێت

964+
فەرهاد حەسەن

لیژنەی کشتوکاڵی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە رێککەوتنێکی هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی سلێمانی ئاشکراکرد بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی دابینکردنی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بۆ ئەوەی بگاتە دەریاچەی حەمرین كە ئەوان بە “شادەماری ژیان” ناوی دەبەن.
رەعد ئەلتەمیمی، سەرۆکی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاندووە، دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگای سلێمانی بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئاو و دابینکردنی لە بەنداوی دەربەندیخانەوە بۆ دەریاچەی حەمرین لە رێگەی ڕووباری دیالە، توانیویانە بگەنە رێكەوتنێك.
وتیشی “بەپێی رێكەوتنەكە، بڕیارە بەنداوی دەربەندیخان لە چركەیەكدا 50 مەتر سێجا ئاو بەربداتەوە، چونكە ئەو ئاوەی ئێستا بەریدەداتەوە لە هەشت مەتر سێجا تێناپەڕێت و هەندێکجار بەرزدەبێتەوە بۆ 10 مەتر سێجا”.
دەریاچەی حەمرین بە گەورەترین كۆگای ئاوی ستراتیژی دیالە دادەندرێت، بەڵام بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و بەردانەوەی كەمی ئاو لە دەربەندیخانەوە خەریكە بەرەو وشكبوون دەچێت.
لەبارەی وردەكاری زیاتری رێكەوتنەكەیان تەمیمی دەڵێت، بەپێی رێککەوتنەکە هەرچی زێدەڕۆییەكان بۆ سەر ڕێڕەوی رووبارەکە كراون پێویستە لاببردرێن، قەدەغەکردنی چاندنی ئەو بەروبومانەی کە بڕێکی زۆر ئاو بەکاردەهێنن لەلایەن جوتیارانەوە، هەروەها قەدەغەکردنی فڕێدانی پاشماوەی پیشەسازی و بیناسازی بۆ ناو رووبارەکە بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی ئاو.
بەقسەی ناوبراو، رێککەوتنەکەیان لەگەڵ سلێمانی بەم نزیکانە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە بەرژەوەندی هەموو لایەنەکانە بەبێ جیاوازی، جەختیشی لەوە کردەوە کە “دەریاچەی حەمرین بەدەست کەمبوونەوەی یەدەگی ئاوی رۆژانەیەوە دەناڵێنێت، ئەمەش پێویستی بە ئاوی بەنداوی دەربەندیخان هەیە بۆ ئەوەی هاوسەنگییەكەی رابگرێت”.

وشکەساڵی بەناخی بەنداوی حەمریندا چووەتە خوار

وشکەساڵی بەناخی بەنداوی حەمریندا چووەتە خوار