دەکرێتە بەشە ئاردی هاوڵاتیان بۆ مانگی هەشت
دوای پێنج مانگ گەنم لە سایلۆکانی گەرمیانەوە دەبرێتە ئاشەکانی سلێمانی
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
ماوەی پێنج مانگە ھیچ بڕە گەنمێک لە سایلۆکان نەبراوەتە ئاش تا بکرێت بە ئارد بۆ بەشەخۆراکی مانگانەی ھاوڵاتیان، دوای ئەو ماوەیە ئەمڕۆ چوارشەممە، لە سایلۆی گەرمیان نۆ ھەزار تۆن گەنم بارکرا بۆ ئاشەکانی سلێمانی.
کاروان رەئوف بەڕێوەبەری سایلۆی کەلار بە 964ى وت،”ماوەی دوو ساڵە ئەم گەنمەمان لەدەرەوەی سایلۆکە دانەوە، بەھۆی ئەوەی ئەمساڵ سایلۆکەمان کرایەوە و گەنممان خستە خەزانەکان، لەم گەنمەی دەرەوە دەنێرین بۆ ئاشەکان بۆ ئەوەی نەمێنێت”.
“پێنج مانگە ھیچ بڕە گەنمێکمان لێوەرنەگیراوە، ئەمڕۆ داوایان لێکردوین کە بڕی نۆ ھەزار تۆن بنێرین بۆ سلێمانی، ئەم گەنمەی دەینێرین دەکرێتە بەشە ئاردی مانگی ھەشت و دواتر بەسەر ھاوڵاتیاندا دابەش دەکرێت”، کاروان رەئوف وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، راستە ئەم گەنمە لە دەرەوە بووە، بەڵام ئێمە بەباشی دامانپۆشیبوو و جاربەجاریش دەرمانمان دەکرد، گەنمەکە ھیچ گرفتێکی نیە بکرێتە ئارد، پێش ئەوەی بینێرین پشکنینی بۆ دەکەین، لە ئاشەکەش، پێش ئەوەی بکرێتە ئارد پشکنینیان بۆ دەکرێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری