زەوییەکانى گوندى چۆڵمەک
لەبەردەم وەبەرهێنانى سلێمانى: خاوەن زەوى و کۆمپانیا رووبەڕووى یەک وەستاون
964+
دیلان محەمەد- سلێمانى
14 ساڵ لەمەوبەر، بڕیار بوو کاریگەیەکى چیمەنتۆ لەسەر بەشێک لە زەوى کشتوکاڵى گوندى چۆڵمەکى سنوورى قەزاى بازیان دروستبکرێت، بەڵام بەهۆى کێشەى کۆمپانیا و خاوەن زەوییەکان، تا ئەمڕۆ دارى نەخراوەتەسەر بەرد.
ئەمڕۆ، لەبەردەم وەبەرهێنانى سلیمانى، هەردولا، واتا خاوەن زەوییەکان و رێگەپێدراوانى کۆمپانیا، گردبوونەوە و رووبەڕووى یەک وەستان، هەردولاشیان روویان لە وەبەرهێنان بوو کە حەق و مافەکانیان بسەنێت.
ئاراس عەبدوڵا، پیاوێکى قسەزان و رێپێدراوى دانیشتوانى گونى چۆڵمەک بە باوەشێک فایلەوە هاتە بەردەم مایکى 964 و لەبارەى کێشەکەیانەوە بەم شێوەیە قسەى کرد،”ئێمە لە گوندى چۆڵمەک سێ بەرەبابین، 800 دۆنم زەویمان بەناوەوەیە و تاپۆیە، 14 ساڵ لەمەوبەر چەند کەسێک لە خزمانى ئێمە، ئیمزایان بۆ کۆمپانیایەک کردووە کە لەسەر 331 دۆنمى ئەو زەویانە، کارگەیەکى چیمەنتۆ دروست بکات و لەبەرامبەردا قەرەبوو وەربگرین، بەڵام 14 ساڵە، نە قەرەبوومان وەرگرتووە و نە کۆمپانیاش دارێکى خستووەتە سەر بەردێک، ئاوا لەهیچ و خۆڕا زەوییەکانمان دەستیان بەسەرداگیراوە”.
لاى خۆیەوە، دابان رەحیم کە خاوەنى ئەو پڕۆژەیەیە کە دەیەوێت لەسەر ئەو زەوییانە دروستى بکات، بۆ 964 وتى،”کێشەکە لاى ئێمەوە نییە، خاوەن زەوییەکان نایانەوێت بابەتەکە رێکارى یاسایى بگرێت، بەڵام ئێمە بە یاسا ئامادەى قەرەبووکردنەوەین و تەمویل ئامادەکراوە، بەڵام کێشەمان بۆ دروست دەکەن”.
جەختیش دەکاتەوە، هەنگاوى باشیان بڕیوە و وەکخۆى دەڵێت،”پشت بەخوا بەم زوانە هەموو شتێک بەخێروخۆشى کۆتایى دێت”.
لاى خۆیەوە، ئامانج جەلال، بەڕێوەبەرى گشتى وەبەرهێنانى سلێمانى لەبارەى کێشەکەوە وتى،”هەندێ لە دانیشتوانى ئەو گوندە پاڵپشتن و هەندێکیان نیگەرانن، هەرچەندە ئەوکات خاوەن زەوییەکان موافق بوونە و واژۆیان کردووە، لەماوەى رابردوودا هەنگاوى زۆرمان بڕیوە، بەڵام خاوەن زەوییەکان نەیانهێشتووە خەمڵاندن بۆ قەرەبووەکانیان بکرێت”.
ئاشکراشى کرد، لەو خاوەن زەویانە، 16 خاوەن زەوییان ناڕازین و 32 خاوەن زەوى دیکە رازین.
جەختیشى کردەوە، دواین ئەنجامى ئەو کێشەیە ئەوەیە کە حساب بانکى کراوەتەوە بۆ خاوەن موڵکەکان و لەگەڵ چارەسەرکردنى کێشەکان بەماوەى یەک هەفتە پارە دەخرێتە سەر هەژمارەکانیان، بەڵام هەتا یەک کێشە مابێت رێگە بە کۆمپانیا نادەین کار بکات.
گوندى چۆڵمەک، دەکەوێتە سنوورى قەزاى بازیان لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح