پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەی خانەقین مانیان گرت
راژان باجەڵان – خانەقین
964+
كارمەندانی نەخۆشخانەی خانەقین وەک زۆرێک لە کارمەندانی نەخۆشخانەکانی تری عێراق لە ناو نەخۆشخانەكەیان دژی كوشتنی دكتۆر ئەحمەد تەڵال مەدفەعی، گردبوونەوە و مانگرتنیان راگەیاند.
ئەمڕۆ دووشەممە 27.2.2023 دوای بڕیاری داواکردنی مانگرتنی سەندیکای پزیشکانی عێراق، لە نەخۆشخانەی خانەقین پزیشكان و كارمەندانی نەخۆشانەكە بە مەبەستی فشار خستنەسەر لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ دەستگیركردنی بكوژانی دكتۆر ئەحمەد تەڵال گردبوونەوە.
قەحتان قەيسی، یەكێكە لە پزیشكانی نەخۆشخانەكە بە تۆڕی 964ی وت، مانیانگرتووە بۆ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان چیتر بێ هەڵوێست نەبن بەرامبەر بە كوشتنی كارمەندانی تەندروستی، لە رۆژی پێنجشەممەی پێشووەوە دەرگای نۆرینگەكانیشیان داخستووە و بڕیاریانداوە كاری تیدا راگرین بۆ پاراستنی سەلامەتی گیانی خۆیان و درێژەپێدان بەم ناڕەزایەتییە.
رابیعە عەباس، یەکێک لەو پزیشکانەی کە مانی لە کارکردن گرتووە دەڵێت، “پزیشكان كاریان مرۆڤایەتییە زیاتر لە هەرشتێكی تر، ئەگەر دۆخەکە وا بەردەوام بێت، جێهێشتنی وڵات دەبێتە كاردانەوەمان”.
دكتۆر ئەحمەد تەڵال مەدفەعی، شەوی چوارشەممەی رابردوو لە ناوجەرگەی شاری بەعقوبەی ناوەندی پارێزگای دیالە لە پاش تەواو كردنی کار لەنۆرینگەكەی لە كاتی هاتنەوەی بۆ ماڵەوە دەكوژرێت و تا ئێستاش تۆمەتبارەکان دەستگیر نەکراون.