بەهۆی ئەندامانی خێزانەکەیەوە

دوو ساڵی پێچوو تا قورئانی بۆ نابیستان نووسییەوە

964+

عەبدولعەزیز خالند- هەولێر

مامۆستایەک لە هەولێر، بەهۆی بوونی دوو خوشک و برایەکی نابیست لە خێزانەکەیدا، قورئانی بە زمانی ئاماژە نووسییەوە، ئێستاش داوای چاپکردنی زیاتری دەکات بۆ ئەوەی بگاتە دەستی هەموو نابیستان.

عزەدین حامد ئەو کەسەی قورئانەکەی بە زمانی ئاماژە نووسیوە دەرچووی بەشی شەریعە و مامۆستای ئامادەییە، لە لێدوانێکیدا بۆ 964 وتی: “ماوەی دوو ساڵم پێچوو تا ئەم قورئانەم نووسییەوە و لە سێ بەرگدا کۆمکردەوە، خۆشبەختانە توانیمان بیگەیەنینە زۆربەی شارەکانی کوردستان و عێراق و تەنانەت بۆ وڵاتانی دەرەوەشمان ناردووە، لەوانەش سعودیە.”

مامۆستا عزەدین جەختیشی کردەوە کە پرۆژەکەی، “لە رووی دینەوە رێگەپێدراوە و رەزامەندیی یەکێتیی زانایانیشمان وەرگرتووە، ئەمە یەکەمجارە لە جیهاندا قورئان بەم جۆرە بنووسرێتەوە.”

ئێستا و دوای تەواوکردنی ئەم کارە گەورەیە، مامۆستا عزەدین داوایەکی هەیە و ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و خێرخوازانی دەکات، بە 964ـی وت: “داواکارم ژمارەیەکی زیاتری ئەم قورئانە چاپ بکرێت، بۆ ئەوەی بگاتە دەستی هەموو ئەو کەسانەی کە پێویستیان پێیەتی و خەڵکێکی زیاتر سوودی لێ ببینێت.”

پێداچوونەوە: باری ساڵح

"هەر قورئانخوێنێک باجی تایبەتی نەبێت بۆی نییە لە پرسە بخوێنێت"