بە بێدەنگی ئیشی خۆی کرد
هەمووان دیار بوون ئەی خاوەنی بۆرییەکە؟
ژووری هەواڵ
سێ رۆژە باس باسی بەگەڕخستنی بۆری نەوتی کوردستانە، چاوی میدیاکان نێوانی هەموو دێڕەکانیان خوێندەوە تەنیا کەسێک سەرنجی لەسەر نەبوو، ئەویش خاوەن و دامەزرێنەری بۆرییەکەیە.
شێخ باز بەرزنجی خاوەنی کار گروپ، ئەو سەرمایەدارەیە کە 15 ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ دەستکردن بە پرۆژەی بۆری نەوتی کوردستان ناوی بە بەهێزی هاتە ناو کەرتی وزەو زۆربەی خەڵک ناسیان، چونکە کۆمپانیاکەی ئەو 360 کیلۆمەتری دروستکردنی ئەو بۆرییەی گرتە ئەستۆ، لە تەقتەقەوە بۆ قوبەی خورمەڵەو لەوێشەوە بۆ فیشخابوور.
ساڵانی دوای ئەو بەهۆی پاڵاوگەکانی نەوت و وێستگەکانی کارەباو وەبەرهێنانەکانی بواری وزە، ئیتر لە هەر شوێنێک ناوی کەرتی نەوت و وزە بهاتایە چمکێکی بە شێخ بازەوە گرێ دەدرا.
ئەم سەرمایەدارە کەمدووە خۆی لە میدیا لادەدات و کەم کەس ئاگای لە بۆچوونەکانیەتی، بەڵام لەسێبەردا بووەتە ژمارەیەکی بەهێزی ئەم بوارەوە، بەمدواییەش لە گەڕی مۆڵەتەکانی وەزارەتی نەوتی عێراقی پەرەپێدانی سێ کێڵگەی نەوت بە (کار) درا، کار تاکە کۆمپانیای خۆجێی ناو مۆڵەتەکان بوو، چونکە ئەوانی دی هەمووی کۆمپانیای نێودەوڵەتی بوون.
لەوەتەی بۆری نەوتی کوردستان گیراوەتەوە، شێخ باز بەرزنجی تەنیا سێجار هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەم بابەتە دەربڕیوە، جاری یەکەمیان لە مانگی ئەیلولی 2023، شەش مانگ دوای وەستانی هەناردەی نەوت قسەی بۆ رۆژنامەی شەرق ئەوسەت کردووە و پێشنیاری کردووە هەرێم و بەغداو ئەنقەرە لە سەر ئاستی تەکنیکی و سیاسی گفتوگۆ بکەن هەوڵی چارەسەری ئەو کێشەیە بدەن.
جاری دووەم لە مانگی تشرینی دووەمی 2024 لەسەر ئێکس قسەی لەسەر هەمواری یاسای بوجەی عێراق کردووە لەو کاتەی دەستکاری هەقی کۆمپانیاکانی نەوت کرا، لەوێ نوسیویەتی: ”قەرەبووکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و گواستنەوەی رەنگدانەوەی پابەندبوونی هاوبەش و دابەشکردنی عادیلانەی سامانەکانە”.
جاری سێیەمیش ئەوەی ئەمڕۆ بوو، هەرچەندە لە بەیانی زووەوە چاوی هەموو میدیاکان لەسەر کردنەوەی قوفڵی بۆرییەکە بوو، لە هیچ یەکێک لە دیمەنەکاندا خاوەنی پرۆژەکە دەرنەکەوت و زیاتر لە چوار کاتژمێر دوای کردنەوەی بۆرییەکە لەسەر ئێکس نوسیویەتی: ”پێشوازی دەکەین لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێی بۆری نەوتی KPC بۆ بەندەری جەیهان و بە بازاڕکردنی لەلایەن سۆمۆوە بۆ بازارە جیهانیەکان. ئەم هەنگاوە بەڵگەیەکی روونە لەسەر ئەوەی هەماهەنگی بنیادنەرانە لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خێر دەگەڕێتەوە بۆ وڵات و گەلەکەمان”.
بۆری نەوتی کورستان ساڵی 2010 کۆمپانیای کار دەستیکردووە بە دروستکردنی و سێ ساڵ دوای ئەوە کەوتووەتە کار، نەوتی کێڵگەکانی هەرێم و کەرکوکی دەگەیاندە بەندەری جەیهانی تورکی تا ئەو کاتەی لەسەر سکاڵای حکومەتی عێراق، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس. تورکیای ناچارکرد نەوت لەو بۆرییە وەرنەگرێت.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم و هەشت کۆمپانیا گەورەکەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم گەیشتنە رێکەوتنێک بۆ ئەوەی هەناردەی نەوت دەست پێبکاتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 27.09.2025 نزیک کاتژمێر 7ی بەیانی لە فیشخاپور قوفڵی بۆرییەکە کرایەوەو ئیتر دەبێ رۆژانە لانی کەم 190 هەزار بەرمیل نەوت بەو بۆرییەدا بگاتە بەندەری جەیهان، ئەگەر هیچی تازە روونەدات ئەوا رەنگە ئەم هەنگاوە بەشێکی گەورەی گرێکوێرەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بکاتەوە.
دەربارەی کار
لە رۆژنامەی شەرق ئەوسەت بەم شێوەیە باسی کۆمپانیای کار کراوە:
کۆمپانیای کار ساڵی 1999 لە هەولێر دامەزراوە، سەرەتا لە بواری بەرهەمە نەوتییەکانی کاری کردووە، لە ساڵانی ئابڵوقەی ئابووری سەر عێراق لەگەڵ رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان گرێبەستی هەبووەو نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان دابین کردووە، دوای ئەوەش چەند گرێبەستێکی لە بواری بیناسازی و بەرهەمێهێنانی کارەبا ئەنجامداوە.
کار یەکەمین کۆمپانیای عێراقی بووە کە لە دوای کەوتنی رژێمی بەعس لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی کاری کردووەو گرێبەستی گەشەپێدان و هاوبەشی لە کێڵگەی (خورمەڵە) پێدراوەو دوای ئەوەش گرێبەستەکانی هەردوو کێڵگەی (سوبەو لحێس) لە خوارووی عێراق و (حەمرین)ی پێدراوە، لە ساڵانی 2004 هەتا 2006 کۆی پارەی گرێبەستەکانی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق نیو ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.