نەخۆشخانەى ژین

لەکاتى ئاگرەکە: نەخۆشێک لە هۆڵى نەشتەرگەرى بووە

964+
عەبدولعەزیز خالند- هەولێر

لەکاتى ئاگرەکەى نەخۆشخانەى ژین ئینتەر ناشناڵ، نەخۆشێک لە ژوورى نەشتەرگەرى بووە و سەرجەم نەخۆشەکانیش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانى تر.

دکتۆر ئاسۆ جەلیلزادە، بەڕێوەبەرى پزیشکى نەخۆشخانەى ژین ئینتەر ناشناڵ، لەبارەى دەنگۆى بوونى دوو نەخۆش لە ژێر نەشتەرگەریدا لە کاتى ئاگرەکەى نەخۆشخانەى ژین، بۆ 964 قسەى کرد و وتى،”یەک نەخۆش بووە و لە هۆڵى نەشتەرگەرى بووە، بەڵام دەستنەکراوە بە نەشتەرگەرییەکەى، کە ئاگرەکە کەوتووەتەوە وا بەباشزانراوە نەشتەرگەرییەکەى بوەستێندرێت”.

وەک باسى دەکات، ئاگرەکە لە رووکارى دەرەوەى نەخۆشخانەکە بووە، ئەگەر نەشتەرگەریش بکرایە بێ گرفت دەبوو، بەڵام بۆ سەلامەتى هەموو لایەک ئەو بڕیارەیان داوە و لە کاتێکى تردا نەشتەرگەرى بۆ دەکەن.

دەشڵێت: ژمارەیەک نەخۆش، گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانى تر و چوار لەو نەخۆشانەش ئیستا گەڕاونەتەوە بۆ نەخۆشخانەى ژین و وردە وردە کارکردن دەستپێدەکەتەوە.

جەختیش دەکاتەوە، لەماوەى 24 کاتژمێرى داهاتوو خزمەتگوزارییەکان وەکخۆیان لێدەکرێتەوە و لە ماوەى 48 کاتژمێردا هەموو شتێک تەواو دەکەن و ئاسایى دەبێتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوانیوەڕۆى ئەمڕۆ هەینى، رووکارى دەرەوەى نەخۆشخانەى ژین ئینتەرناشناڵ ئاگرى گرت و بەهۆیەوە سەرجەم نەخۆشەکانى ناو نەخۆشخانەکە گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەکانى تر.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح