ئەوانەى لە خوێندن دابڕابوون

زیاتر لە هەزار کەس لە خورماتوو دەرفەتی خوێندنیان بۆ رەخسێنراوە

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پەرەدان بە خوێندن و نەهێشتنی نەخوێندەواری، لە شارۆچکەی خورماتوو زیاتر لە 20 ناوەندی خوێندن کراونەتەوە و هەلی خوێندن بۆ زیاتر لە هەزار کەس دابین کراوە.

ناوەندەکان سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عێراقن و ناونووسین بۆ هەردوو رەگەز بێبەرامبەرە.

لیژنەیەکی تایبەت بە ناونووسین لە رۆژانی هەینی و شەممە لە قوتابخانەی هەڵکەوتی کوڕان ئامادە دەبن بۆ تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانەی ئارەزووی خوێندن دەکەن.

کاروان مەجید، سەرپەرشتیاری ناوەندی نەورۆز، بە 964ـی وت، “ئەو کەسانەی بە هەر هۆکارێک لە خوێندن دابڕاون، یان خوێندەوارییان نییە، دەتوانن لەو ناوەندانە درێژە بە خوێندن بدەن و بڕوانامەی سەرەتایی بەدەست بهێنن.”

بە وتەی کاروان مەجید، خوێندن بە زمانی عەرەبییە، بەڵام وانەکان بە هەر سێ زمانی کوردی، عەرەبی و تورکمانی بۆ قوتابییەکان روون دەکرێنەوە بە ئامانجی نەهێشتنی نەخوێندەواری لە شارۆچکەکەدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، “جگە لە لیژنەکانی ناوتۆمارکردن، چەند تیمێکمان رۆژانە بە ناو گەڕەکەکاندا دەگەڕێن بۆ ناونووسینی ئەو کەسانەی ئارەزوویانە دەست بە خوێندن بکەنەوە.” بۆ ناوتۆمارکردن، پێویست بە کارتی نیشتمانی و دوو وێنە هەیە و هیچ وادەیەکیش بۆ کۆتا رۆژی ناونووسین دیاری نەکراوە.

کاروان مەجید ئەوەشی خستەڕوو کە کەسی وا هەبووە تەمەنی نزیکەی 60 ساڵ بووە و لەلایەن ئەوانەوە بڕوانامەی پێدراوە کە بۆ پیشەکەی سوودی لێ بینیوە.

لە خورماتوو زیاتر لە 20 ناوەند هەن و هەر ناوەندێک زیاتر لە 50 خوێندکار لەخۆدەگرێت، کە بەم پێیەش بێت زیاتر لە هەزار نەخوێندەوار لە شارۆچکەکەدا هەن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

رێژەى نەخوێندەوارى لە هەرێمى کوردستان زیاترە بەراورد ...

رێژەى نەخوێندەوارى لە هەرێمى کوردستان زیاترە بەراورد بە عێراق