71%ـى کارەکانى بڕیوە

زۆرى نەماوە قەدەغەى ئەورووپى لەسەر هێڵى ئاسمانى عێراق هەڵبگیرێت

964+

وریا فەتاح

لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق پێشکەوتنی بەرچاوی لە پڕۆژەی هەڵگرتنی گەمارۆی ئەورووپا لەسەر فڕۆکەکانی بەدەستهێناوە و 71%ـی قۆناغی یەکەمی جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی تەواو کردووە.

لیژنەکە جەختیشی کردەوە کە پڕۆژەکە بەپێی ئەو خشتە کاتییەی بۆی دانراوە بەڕێوەدەچێت و پێشبینی دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو بێت، ئەمەش بە هاوکاریی یەکێتیی نێودەوڵەتیی گواستنەوەی ئاسمانی (IATA) بۆ جێبەجێکردنی مەرج و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و دڵنیابوونەوە لە ئامادەیی کۆمپانیاکە بۆ وەرگرتنی بڕوانامە IOSA و دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی بۆ ئاسمانی ئەورووپا.

هەڵگرتنی قەدەغەکردنی ئەوروپی بۆ سەر هێڵی ئاسمانی عێراقی پەیوەستە بە تێپەڕاندنی بەرنامەی وردبینی چاودێری سەلامەتی گشتگیر (USOAP)، لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراقەوە.

USOAP چییە؟

بەرنامەی وردبینی چاودێری سەلامەتی گشتگیر (USOAP)ـی ICAO سەرنج دەخاتە سەر توانای دەوڵەتێک لە دابینکردنی چاودێری سەلامەتی بە هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە ئایا دەوڵەت توخمە گرنگەکانی سیستەمی چاودێری سەلامەتی بە شێوەیەکی کاریگەر و بەردەوام جێبەجێ کردووە یان نا، هەر بۆیە عێراق دەیەوێت لەرێگەى جێبەجێکردنى ئەو مەرجەوە بچێتە ناو ستانداردى جیهانى بۆ جێبەجێکردنى سەلامەتى لە هێڵى فڕۆکەوانى پەیوەست بە سەلامەتى هێڵەکە

ساڵی 1991 دوای داگیرکردنی کوەیت لەلایەن عێراقەوە یەکێتی ئەوروپا قەدەغەی خستە سەر هێڵی ئاسمانی عێراقی، ساڵی 2009 ئەو قەدەغەیە هەڵگیرا، بەڵام دیسانەوە لە مانگی ئابی 2015 قەدەغەکە کارا کرایەوە.

عێراق 230 سەرپێچی لەسەر هێڵە فڕۆکەوانییەکەی تۆمارکراوە، دیارترینیان پەیڕەونەکردنی پێوەرو پرۆتۆکۆڵەکانی یەکێتی ئەوروپایە، هەر بۆیە لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا هەموو شەش مانگ جارێک یەکێتی ئەوروپا بەپێوەرەکاندا چووەتەوەو هەموو جارێکیش بڕیاریداوە قەدەغەکە بەردەوام بێت

هەر هێڵى عێراقى نییە، یەکێتى ئەورووپا قەدەغەى خستووەتە سەر 10 هێڵى دیکەى وڵاتان، لەوانە وڵاتانی فەنزوێڵا و ئێران و نەیجیریاو ئەنگۆلاو ئەفغانستان و زیمبابۆی، مانگی شەشی ئەمساڵ دیسان نۆرەی هەڵسەنگاندنە و عێراقیش بەم رێکارانە دەیەوێت ئازاد بکرێت.

هۆکارى قەدەغەى سەر ئەو هێڵانە ئەوەیە کە کۆمپانیاکە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، سەلامەتی ئاسمانی لەو هێڵانە بەدى ناکەن کە مەرجەکانى لەلایەن کۆمەڵەی نێودەوڵەتی گواستنەوەی ئاسمانی (IATA)ـەوە دانراوە.

بەرپرسانى عێراق ئاشکرایان کردووە، بەهۆى قەدەغەى سەر هێڵەکەیان زیانى ملیۆنان دۆلار بەر عێراق کەوتووە، چونکە ژمارەیەکى زۆرى کۆچبەر و هاوڵاتى عێراقى لە ئەوروپان و بۆ گەڕانەوە لە جیاتى هێڵى ئاسمانى عێراقى، هێڵى ئاسمانى وڵاتانى دیکە بەکاردەهێنن.

یەکەم گەشتى ئاسمانى لە بەغداوە بۆ تونس ئەنجامدرا

یەکەم گەشتى ئاسمانى لە بەغداوە بۆ تونس ئەنجامدرا