یانەی هەریر گەڕایەوە
یاریزانانی هەریر خۆیان بۆ خولی پلە دووی کوردستان ئامادە دەکەن
964+
ئاکام غەفور
دوای دووبارە وەرگرتنەوەی مۆڵەت، یانەی هەریر خۆی بۆ خولی پلە دووی کوردستان ئامادە دەکات.
یانەی هەریر، ساڵی 1997 دامەزراوە و ساڵی 2008 بەبڕیاری بەڕێوەبەرایەتی وەرزش لاوانی کوردستان، مۆڵەتی یانە لەهەموو یانەکانی سنووری ناحیەکان وەرگیرایەوە و یانەی هەریریش یەکێک بوو لەوان.
هەوڵی هەریرییەکان و خواستی خەڵکی دەڤەرەکە بۆ بەشداربوونیان لە خولە جیاوازەکانی کوردستان بەردەوام بوو، ئەمەش وایکرد ئەمساڵ مۆڵەتەکە وەربگرنەوە.
ئێستا هەریریەکان ئامادەکاری دەکەن بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی خولی پلە دووی کوردستان و بڕیارە لە 10ـی مانگی لە یەکەم یاریدا بەرامبەر یانەی سنوور یاری بکەن.
پاڵاوتنی یانەکان بۆ خولی پلە دووی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگاکان ئەنجامدەدرێت، یانەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دابەشی سەر دوو گروپ کراون، یانەی هەریر لە گروپی دووەمدایە هاوشانی یانەکانی سنوور، جیهان، خەلیفان و پەروەردە، یەکەمی گرپەکەش دەچێتە قۆناغەکانی دیکەی پاڵاوتن و سەرکەوتن بۆ خولی پلە دووی کوردستان.
فایەق عەزیز، ئەندامی کارگێڕی یانەی وەرزشی هەریر قسەی بۆ تۆری964 کردووە و دەڵێت، بە هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر توانیویانە مۆڵەتی یانەکە وەربگرنەوە، بەڵام ئێستا کێشەی یاریگایان هەیە، لەوەی یانەکە خاوەن یاریگای تایبەت بەخۆی نییە.
دەشڵێت: دڵنیاین لەوەی ئەنجامی باش تۆمار دەکەین، زەنگی مەترسین بۆ هەموو تیپەکانی تر بەهحی ئەوەی یانەکە خاوەنی کۆمەڵێک یاریزانی بە توانایە و هەموویان خەڵکی سنوورەکەن هیچ یاریزانێکی بیانیمان نەهێناوە.
زیاتر وتی “تەواوی یاریزان و دەستەی راهێنەر بە خۆبەخش خزمەتی یانەکە دەکەن”.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق