لە وەزارەت کۆبوونەوە
یەک یەکەی ژمێریایی بۆ سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە دروستدەکرێ
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ، بریار دراوە بە دروستکردن و تەواوکردنی یەک یەکەی ژمێریاری سەربازی یەکگرتوو بۆ سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، لەسەر ئاستی باڵا بەشداری کۆبوونەوەکە کراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 22.9.2025، لە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچووە، کە وەزارەتەکە بە “کۆبوونەوەیەکی گرنگ و پڕبایەخ” ناوی بردووە، و لەوێ وەزیری پێشمەرگە، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دارایی و نوێنەری هاوپەیمانان و چەند ئەفسەرێکی دیکە لەوێ بوون.
هەروەها، فەرماندەی فەرماندەیی هەردوو یەکەی 70 و 80، لەوێ بوون و دواین هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی و جێبەجێکردنی خاڵەکان و ئاستەنگەکانی پرۆسەکە و رێنماییە ژمێرکارییەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا کە 964 بینوویەتی دەڵێ، لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا بریاردرا، بە جێبەجێکردنی خاڵێکی گرنگی پرۆسەی چاکسازی کە لە دروستکردن و تەواوکردنی یەک یەکەی ژمێریاری سەربازی یەکگرتوو بۆ سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا، بەم بڕیارە نزیک دەبینەوە لە دوا قۆناغەکانی چاکسازی.
لەسەر تەواوکاری کارەکانی دامەزراندن و تواناکانی دەڤەری یەک و دوو، هەروەها دابینکردنی پێداویستییەکان و خێراترکردنی هەنگاوەکان بۆ دامەزراندنیان و رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، وەزارەت دەڵێ، “کۆبوونەوەی ئەمڕۆش هەنگاوێکی مێژووی بوو، بۆ سەرەتایی دروستبوونی هێزێکی یەکگرتووی کوردستانی”.