دوو کاتژمێری خایاندووە

یەکەمجارە نەشتەرگەری لابردنی گورچیلە لە هەڵەبجە ئەنجامبدرێ

964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە

لە نەخۆشخانەی چارەسەری بەرکەوتووانی چەکی کیمایی لە هەڵەبجە لەسەر دەستی پزیشکی پسپۆری گورچیلە و میزەڵدان، وە بەهاوبەشی تیمێکی شەش کەسی، بۆ یەکەم جار لە شارەکە نەشتەرگەری لابردنی گورچیلە بۆ نەخۆشێک بە سەرکەوتووی ئەنجامدرا.

پێشتر بۆ هەمان نەشتەرگەریی چارەخواز دەبوو بچێتە سلێمانی.

دکتۆر ئارام کەریم، ئەو پزیشکە پسپۆرەی نەشتەرگەرییەکەی ئەنجامداوە بە 964ی وت، نەشتەرگەرییەکە بە نەشتەرگەریی سەروو گەورە پۆڵێن دەکرێت، پێویستی بە پزیشکی پسپۆر و شارەزا هەیە، پێشتر بۆ نەشتەرگەری هاوشێوە پێویست بوو نەخۆشەکە بچێتە سلێمانی، بەڵام خۆشبەختانە توانیمان بۆ یەکەم جار لە هەڵەبجە ئەو نەشتەرگەرییە ئەنجامبدەین.

بە وتەی دکتۆر ئارام، نەشتەرگەرییەکە دوو کاتژمێری خایاندووە، نەخۆشەکە بەهۆی هەوکردنەوە ئەو گورچیلەیەی لەدەستدابوو، توانیمان بە سەرکەوتووی یەکێک لە گورچیلەکانی بۆ لاببەین و ئێستاش باری تەندرووستی نەخۆشەکە جێگیرە.

نەشتەرگەرییەکە رۆژی شەممەی رابردوو 20.9.2025 لە نەخۆشخانەی چارەسەری بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی ئەنجامدراوە لەلایەن تیمێکی حەوت کەسیەوە کە پێکهاتوون لەم پسپۆریانە:

د.ئارام کریم حمەئەمین  – پسپۆڕی گورچیلە و میزەڵدان

د.بەفرین سەمەد ئاغاوەیس – پسپۆڕی بێهۆشکاری

رەزا ئەکرەم        –        یاریدەدەری نەشتەرگەر

فاتیمە حمەساڵح    –   یاریدەدەری نەشتەرگەر

هێرۆ ئەحمەد         –      یاریدەدەری نەشتەرگەر

بیلال عومەر         –      یاریدەدەری  بێهۆشکار

بژار حامد        –       یاریدەدەری بێهۆشکار

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا