لە دەروازەی خورماتوو کامرییەک خۆی بە تراکتۆرێکدا کێشاوە
لە رووداوێکی هاتوچۆدا سێ ئەندامی خێزانێک بەسەختی برینداربوون
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لە نزیک دەروازەی باکوری قەزای خورماتوو، کامرییەک خۆی بە تراکتۆرێکدا کێشا و سێ ئەندامی خێزانێک بەسەختی برینداربوون.
موئەید عەباس بەڕێوەبەری هاتوچۆ دەرەکییەکانی خورماتوو بە964ـی وت، “پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 21.9.2025 رووداوێکی هاتوچۆ لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی جۆری کامری و تراکتۆرێک لە نزیک دەروازەی باکوری قەزای خورماتوو روویداوە”.
“لە رووداوەکەدا سێ کەسی ناو کامرییەکە، کە دایک و باوکێک و منداڵەکەیان بوون، بە سەختی برینداربوون و بۆ چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانەی گشتی خورماتوو کراون”، موئەیەد عەباس وای وت.
باسی لەوەشکرد، هۆکاری رووداوەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە، ئەو دووسایدە سەرەکییەی نزیکە لە دەروازەی خورماتوو و دەکەوێتە سەر رێگای گشتی کەرکوک – بەغدا، سەرەتا پانتایەکی زۆری هەیە و دواتر لەپڕ سایدەکە تەسک دەبێتەوە، ئەو شۆفێرانەی شارەزا نین، رۆژانە توشی رووداوی لەو شێوەیە دەبن.
موئەیەد عەباس وتیشی، کامرییەکە خێرایی زۆر بووە و شۆفێرەکەی نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵی بکات، بۆیە خۆی بە تراکتۆرەکەدا کێشاوە و ئەو رووداوەی لێکەوتووەتەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری