هاوردەکردنی کاڵا و بەرهەمە خۆراکییەکان - وێنە؛ ئیرنا
کشتوکاڵی عێراق وا دەڵێ
هاوردەكردنی 44 بەرهەمی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری قەدەغە كراوە
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەمڕۆ چوارشەممە 17.9.2025، وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق قەدەغەكردنی هاوردەكردنی 44 بەرهەمی كشتوكاڵی و ئاژەڵداری راگەیاند، ئەوەش بەهۆی زۆری بەرهەمی ناوخۆییەوە.
بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵ مەهدی جبوری، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، لە چوارچێوەی ستراتیژی وەزارەت بۆ پاراستنی بەرهەمە ناوخۆییەكان و لە رێگەی ساڵنامەی كشتوكاڵییەوە هاوردەكردنی 44 بەرهەمی كشتوكاڵی و ئاژەڵداری قەدەغە كراوە.
ئەمەش بەهۆی زۆری بەرهەمی ناوخۆیی و جێگیربوونی نرخەكانی بازاڕە ناوخۆییەكانە، بەبێ ئەوەی روونی بکاتەوە کام بەرهە خۆراکی و ئاژەڵییانەن.
ئەو دەڵێ، ئەم سیاسەتە لەلایەن وەزارەتەوە پەیڕەو دەكرێت بۆ پشتگیریكردنی بەرهەمی ناوخۆیی لەڕێگەی هاوتەریبكردنی بەرهەمی ناوخۆیی لەگەڵ داپۆشینی تێچووی بەرهەمهێنان، ئەمە جگە لە رێژەی قازانج بۆ بەرهەمهێنەران و سەقامگیری نرخ بۆ بەكارهێنەران.
سەرەڕای كەمی ئاو و وشكەساڵی كە رووبەڕووی عێراق بووەتەوە، كەرتی كشتوكاڵ و جوتیاران بەرەو بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای ئاودێری سەردەم، لەوانەش سیستەمی ئاودێری جێگیر و دڵۆپ دڵۆپ، بۆ بەرهەمهێنانی بەروبووم و سەوزە دەچن.
بریکارەکە دەڵێ، باجی گومرگی بۆ زۆربەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان دادەنرێت بۆ پاراستنی نرخی بەرزی ئەو بەرهەمانە بە بەراورد بە تێچووی بەرهەمی ناوخۆیی، بەمەش دادپەروەری لە كێبڕكێی نرخ لە نێوان بەرهەمهێنەرانی ناوخۆیی و بەرهەمە هاوردەكراوەكان بەدەستدەهێنرێت.