لە حاجیاوا دوو دز بایی 25 هەزار دۆلار کەلوپەلیان دزی، دەستگیر کران – وێنە؛ پۆلیسی راپەڕین
دوو دزن و لە حاجیاوا فێعلەکەیان کردووە
بایی 25000 دۆلار کەلوپەلی کارگەیەکیان دزی؛ پۆلیس قۆڵبەستی کردن
964+
شۆڕش قادری
لە حاجیاوا دوو دز دایان بەسەر کارگەیەکی تێکەڵکردن و ئامادەکردنی قیر و بایی 25 هەزار دۆلار کەلوپەلیان دزی، بەڵام بۆیان نەچووەسەر، پۆلیس دۆزینیەوە و قۆڵبەستی کردن.
بەپێی راگەیەنراوێکی پۆلیسی راپەڕین، دوای ئەوەی هاوڵاتیەک لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر سکاڵای تۆمارکردووە لەسەر ئەوەی دزی لە کارگەکەی کراوە کە تایبەتە بە تێکەڵەکردن و ئامادەکردنی قیر و زیانەکانیشی بە 25 هەزار دۆلار دەخەمڵێندرێت، دەستبەجێ دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
“دوای بەدواداچوون و بەدەستهێنانی زانیاری، دوو تۆمەتبار دەستگیرکراون و لە لێکۆڵینەوەکانیشدا دانیان ناوە بە تاوانەکەیاندا و بە وتەی خۆیان ژمارەیەک بزوێنەر و کەلوپەلی تری کارگەکەیان دزیوە”، پۆلیسی راپەڕین وادەڵێت.
بە بڕیاری دادوەر و بە ماددەی 443 لە یاسایی سزادانی عیراقی تۆمەتباران راگیرکراون، هەروەک بە هاوکاری بنکەی پۆلیسی حاجیاوا ژمارەیەک لە کەلوپەلە دزیارییەکان دەستیان بەسەرداگیراوە و لێکۆڵینەوەش لەسەر رووداوەکە بەردەوامە.