دوو بڕیار لە حکومەتی عێراقەوە

پارەی کاش بە کۆمپانیاکان نادرێ و رێکەوتنەکەش بۆ راوێژکاران نێردرا

964+

ئەحمەد مستەفا

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممە دەنگی لەسەر دوو بڕیار داوە، سەبارەت بە میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ نەوت و گرێبەستی سێقۆڵی لەنێوان هەرێم، بەغدا و کۆمپانیاکان.

لەبارەی نەوتی خاو، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە کە کرێی دەرهێنانی نەوت بۆ کۆمپانیا بیانییەکان، کە بۆ هەر بەرمیلێک بە 16 دۆلار دیاریکراوە، چیتر بە پارەی کاش نەدرێت. لە بری ئەوە، بڕی ئەو نەوتەیان پێدەدرێت کە هاوتای شایستە داراییەکانیانە و کۆمپانیاکان خۆیان بەرپرس دەبن لە فرۆشتنی ئەو نەوتە لە بازاڕەکاندا.

بە گوێرەی زانیارییە بەردەستەکانی 964، لە بارەی گرێبەستە سێقۆڵییەکە، مەرجی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە ئەوەیە کە حکومەتی عێراق گرێبەستەکە بەرز بکاتەوە بۆ لیژنەی راوێژکاریی وەزارەتی نەوتی عێراق. چاوەڕوان دەکرێت لیژنەکە لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا وەڵامی کۆتایی خۆی بداتەوە.

بڕیارەکان ئەمانەن:

یەکەم: پێدانی شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان بە نەوتی خاو

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا کە کرێی دەرهێنانی نەوت بۆ کۆمپانیا بیانییەکان، کە بۆ هەر بەرمیلێک بە 16 دۆلار دیاریکراوە، چیتر بە پارەی کاش نەدرێت. لە بری ئەوە، بڕی ئەو نەوتەیان پێدەدرێت کە هاوتای شایستە داراییەکانیانە و کۆمپانیاکان خۆیان بەرپرس دەبن لە فرۆشتنی ئەو نەوتە لە بازاڕەکاندا.

دووەم: رەزامەندی لەسەر گرێبەستی سێقۆڵی لەنێوان هەرێم، بەغدا و کۆمپانیاکان

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندیی سەرەتایی نیشاندا لەسەر ئەنجامدانی گرێبەستێکی سێقۆڵی لەنێوان (حکومەتی هەرێمی کوردستان – حکومەتی فیدراڵی عێراق – کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان).

مەرجی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە ئەوەیە کە حکومەتی عێراق گرێبەستەکە بەرز بکاتەوە بۆ لیژنەی راوێژکاریی وەزارەتی نەوتی عێراق. چاوەڕوان دەکرێت لیژنەکە لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا وەڵامی کۆتایی خۆی بداتەوە، تاوەکو گرێبەستە سێ لایەنییەکە بە فەرمی ئەنجام بدرێت و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.