لە نیوان دوو حکومەت گیریانخواردووە

شۆفێرانى بارهەڵگرى مەرزى پەروێزخان گردبوونەوە

964+
میلاد جەلال- گەرمیان
شۆفێرانى بارهەڵگرى مەرزى پەروێزخان گردبوونەوە و رێگاى کەلار بۆ خانەقینیان داخست، کێشەى ئەوان ئەوەیە رێگەیان پێنادرێت لە خانەقینەوە بچنە ناوچەکانى خوارووى عێراق، بۆ ئەوە دەبێت لە سلێمانییەوە بچنە کەرکوک و لە بازگەى چیمەنیش بە هەزار حاڵ نەجاتیان دەبێت.
سالار حەمید یەکێک لە شۆفێرانى بارهەڵگر بۆ 964 قسەى کرد و وتى،”مەعقول نییە ئێمە بمانەوێت بچینە شارەکانى عێراق دەرگاى خانەقینمان لەسەر دابخەن کە نزیکتر و ئاسانترە، بەڵام 400 کیلۆمەتر ببڕین و بچین لە بازگەى چیمەن لە کەرکوکەوە داخیل بین”.

وەک ئەوەى ئەو شۆفێرە باسى دەکات، هەر دوورییەکە نا، لە پەروێزخانیش و لە بازگەى چیمەنیش دوو جار گومرگیان لێ وەردەگیرێت، وەک دەڵێت، ئەمە نە خوا قبوڵى دەکات و نە پێغەمبەر.

ئەوان سێ مانگە لەو حاڵەدان، بەڵام بە وتەى ئەو شۆفێرە کەس گوێیان لێناگرێت و نان و بژێوى 2700 خێزانیان بەلاوە گرنگ نییە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح